سەردار هەرکی: کۆنگرەی پێنجەم قەیرانەکانی یەکێتی قوڵتر دەکاتەوە
K24 – هەولێر
سەردار هەرکی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بەو شێوازە ئێستا قەیرانەکانی ناو حزبەکە قوڵتر دەکاتەوە.
سەردار هەرکی بە کوردستان24ی گوت: "کۆنگرە هەستیارترین پرۆسەیە لە ژیانی حزبدا کە پێداچوونەوە بە سیاسەتی پێشوو دەکرێت و بڕیار لەسەر سەرکردایەتی نوێ دەدرێت و بڕیار لە سیاسەتی نوێی حزب دەدرێت، بۆیە پێویستە کۆنگرە لە کاتێکدا ئەنجامبدرێت کە سەقامگیری لەناو حزبدا هەبێت، ئێستا گرفت و لێکترازان لەناو یەکێتی هەیە، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی بڕیاریانداوە بەشداری لە کۆنگرەدا نەکەن، لە هیچ کۆنگرەیەکی دیکەدا نەبووە بەو رێژەیە سەرکردەکان نەچنە کۆنگرە، پێویست بوو پێش کۆنگرە ئاشتەواییان لەناو حزب راگەیاندبا، بابەتی کات بۆ بەستنی کۆنگرەی حزب گرنگە، بۆ ئەوەی زیان بە دەنگ و پێگەی حزبەکە نەگەیەنێت، ئێستا هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان و پەرلەمانی کوردستانمان لە پێشە، ئەگەر دوای هەڵبژاردنەکان کۆنگرە بکرابوایە رەنگە یەکێتی بیتوانیبا باشتر هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتی خۆی بکات".
گوتیشی: "کۆنگرە ئەگەر لەپێناو بەهێزکردنی حزب و ئامانجە باڵاکان بێت دەتوانێ زۆر شت بکات، بەڵام ئەگەر بۆ پاکتاوکردنی لایەنێک یان بەهێزکردنی لایەنێک بێت لەسەر حیسابی ئەوی دیکە، بیانەوێت ئەوانەی لە خۆیانەوە نزیکن بیان کەن بە ئەندامی سەرکردایەتی گۆڕانکاری لێ بەدی ناکرێت".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد: "شێوازی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئۆرگانەکانی یەکێتی بۆ دەستنیشان کردن و دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە، پرەنسیپەکانی دیموکراسی لەبەرچاو نەگیراوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە لەناو کۆنگرە لیست دەبێت و هەموویان دەنگ بە لیست دەدەن، ئەگەر ئەوە هەبێت کۆتاییهێنانە بە ژیانی حزب، هیوادرم وانەبێت و ئەندامانی کۆنگرە ئازاد بن لە خۆ کاندید کردن و دەنگدان".
راشیگەیاند: "ئەوەی دەبیبنین ئەو کۆنگرە وایکردووە لێکترازان لەناو یەکێتی زیاتر بێت، دەبوایە پێش کۆنگرە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەوانە کرابوایە کە ناڕازین و رەخنەیان لە یەکێتی ئێستا هەیە، بەڵام بەو شێوازەی ئێستا کە چوونەتە ناو کۆنگرە پێم وایە قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە".