ئازەربایجان کوژرانی 192 سەربازی وڵاتەکەی راگەیاند

K24 - هەولێر:

وەزارەتی تەندروستی ئازەربایجان بڵاویکردەوە، لەماوەی هەفتەی رابردوودا 192 سەربازی وڵاتەکەیان و هاوڵاتییەکی مەدەنی لەلایەن جوداخوازە ئەرمەنەکانەوە لەهەرێمی قه‌ره‌باغ کوژراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی تەندروستی ئازاربایجان بڵاویکردەوە، سەرباری کوژرانی 192 سەرباز و هاوڵاتییەکی مەدەنی بەدەستی هێزە جوداخوازە ئەرمەنییەکان لە قه‌ره‌باغ، نزیکەی 500 سەربازی دیکەیان بەهۆی هێرشەکانی ئەو گرووپانەوە برینداربوون.

جەختی لەوەشکردەوە، ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ چەکداماڵین لەو گرووپە چەکدارانەی هەرێمی قه‌ره‌باغ بەردەوام دەبێت کە بوونەتە مایەی مەترسی و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر سوپای ئازەربایجان.

هەفتەی رابردوو هێزەکانی ئازەربایجان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیان تەواوی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کۆنترۆڵ بکەن، کە لەلایەن جوداخوازە ئەرمەنییەکانەوە بۆ ماوەیەی چەند دەیەیەک بەڕێوەدەبرا.

رۆژی سێشەممە 19/9/2023، ئازەربایجان هێرشێکی سەربازیی لە ناگۆرنۆ قەرەباغ دەستپێکرد، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە دوایین جەنگ لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا هات، داوای خۆ رادەستکردنەوەی تەواو و بێ مەرجی ئەرمەنەکانی کرد.

دانیشتووانی قەرەباغ لە ئازەری و ئەرمەنی پێکهاتوون و لە نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە لەژێر دەسەڵاتی باکۆ نەما و لەوکاتەوە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە، تاوەکو لە جەنگی 2020، ئازەربایجان توانی دەستبەسەر رووبەرێکی فراوان لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.

دوو کۆماری سۆڤیەتی پێشوو کە لە ماوەی ساڵانی 1988 تا 1994 لە ناگۆرنۆ قەرەباغ رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، لەو رووبەڕووبوونەوە سەربازیانەی نێوان هەردوولا لەو ناوچەیە 30 هەزار کوژراو تۆمارکراوە، هەروەها لە پاییزی 2020،  6500 کەس بەهۆی بەردەوامبوونی جەنگ لەو ناوچەیەدا گیانیان لەدەستداوە.