لەحەویجە پتر له‌ 50 هاووڵاتی لە ئاهه‌نگێکدا ژه‌هراویبوون‌ و رەوانەی نەخۆشخانە کران

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كه‌ركووك رایده‌گه‌یه‌نێت، پتر له‌ 50 هاووڵاتی، كه‌ له‌ ئاهه‌نگێكی بووك گواستنه‌وه‌دا به‌شداربوون، به‌هۆی خواردنی تێكچوو ژه‌هراویبوون.

زیاد خه‌ڵه‌ف به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كه‌ركووك، به‌ ئاژانسی فه‌رمی عێراقی راگه‌یاند، له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركووك، زیاد له‌ 50 هاووڵاتی كه‌ له‌ ئاهه‌نگێكی بووك گوستنه‌وه‌ به‌شداربوون، دوای خواردنی نانی ئێواره‌ و به‌هۆی تێكچوونی خواردنه‌كه‌، ژه‌هراویبوون.

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گوتیشی: حاڵه‌ته‌كان له‌ ژێر كۆنترۆڵدان و ته‌واوی نه‌خۆشه‌كان چاره‌سه‌ری پێویستیان پێده‌درێت.

شه‌وی رابردووش له‌ حاڵه‌تێكی دیكه‌دا، له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئاگر له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕان و بووك گواستنه‌وه‌ كه‌وته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی زۆریش برینداربوون.