ئەرمینیا داوایەک لە دادگای نێودەوڵەتی دەکات

K24 - هەولێر

دادگای نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەرمینیا داوای لێکردووە فەرمان بە ئازەربایجان بکات سەرجەم هێزەکانی لە دامەزراوە مەدەنییەکان، لە قەرەباخ بکشێنێتەوە و ئاسانکاری بکات تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بە ناوچەکە بگات.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە مانگی شوباتدا دادگای نێودەوڵەتی بڕیاریدابوو ئازەربایجان ئازادی هاتووچۆ لە رێگەی لاتچینەوە بۆ ناوچە جێناکۆکەکە مسۆگەر بکات، ئەمەش هەنگاوێکی کاتی بوو لە ناکۆکییە یاساییە بەردەوامەکانی لەگەڵ ئەرمینیای دراوسێی.

وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان، رۆژی هەینی رایگەیاند، کە باکو بانگهێشتی شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە بۆ سەردانی ناوچەی قەرەباخ، لە رۆژانی داهاتوودا، ئەمەش لەکاتێکدایە دوای هێرشێکی سەربازی ئازەربایجان، ئەرمەنییەکان بە کۆمەڵ ناوچەکە جێدەهێڵن.

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەرکی رێکخراوەکە بە سەرۆکایەتی بەرپرسێکی باڵای فریاگوزاری، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەرەو قەرەباخ دەڕوات، ئەمەش یەکەم جارە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی نزیکەی 30 ساڵی رابردوودا بچێتە ناوچەکەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "تیمەکە هەوڵدەدات هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکات، هەروەها پێداویستییە مرۆییەکان دیاری دەکرێت بۆ ئەوانەی ماونەتەوە و ئەوانەشی کە دەڕۆن"، هەروەها داوای لە هەمووان کرد رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن.

ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە داوایان لە باکۆ کرد کە رێگە بە چاودێرانی نێودەوڵەتی بدات بچنە ناو قەرەباخەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترس لە ئەگەری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەیە. ئەرمینیا ئازەربایجان بە پاکتاوی نەتەوەیی لە قەرەباخ تۆمەتبار دەکات، کە باکۆ بە توندی رەتیدەکاتەوە.

ئێوارەی رۆژی هەینی، نازلی بەغدادئازاریان، گوتەبێژی حکومەتی ئەرمەنستان رایگەیاند، 97 هەزار و 700 کەس لە سنووری قەرەباخەوە هاتوون کە کۆی ژمارەی دانیشتووانی 120 هەزار کەسە.