عەبدوڵڵا وەرتی: کۆتایی بە پیلانەکان دژی بزووتنەوەی ئیسلامی دەهێنین

عەبدوڵڵا وەرتی
عەبدوڵڵا وەرتی

K24 - هەولێر

عەبدوڵڵا وەرتی ئەندامی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، کارەکانی کۆنگرەی بزووتنەوە بەشێوەیەکی یاسایی و لەژێر چاودێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچن. راشیگەیاند، "هەندێک کەس پیلانیان بۆ لەکەدارکردنی بزووتنەوە و کۆنگرە داناوە"، بەڵام ئەوان شکست بە سەرجەم ئەو پیلان و هەوڵانە دێنن.

گوتیشی: "جگە لەو دوو هەزار کەسەی ناویان دراوەتە کۆمسیۆن هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت بێتە ناو هۆڵی کۆنگرە، چونکە ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەناو هۆڵی کۆنگرەن و لیستی ناوەکانیان لەبەردەستە و بزووتنەوە هەموو کارەکانی لە بەغدا بە یاسا کردووە".

عەبدوڵڵا وەرتی، دەشڵێت: "ئەو برادەرەی بەناوی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی قسەی کردووە، ئەندام و کادیری بزووتنەوە نییە و سەرۆکی حزبێک بووە هاتووە سواری شەپۆلێک بووە، ئەو شتانەی گوتیان ئەسڵ و ئەساسی نییە".

ئەوەشی خستەڕوو: "دەستی ئەولا و ئەملا زۆر ویستیان بزووتنەوەی ئیسلامی لەکەدار بکەن، ئێستاش ئەو هەوڵانە بەردەوامن، بەڵام بە خۆڕاگری مامۆستا عیرفان و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و رێکخستنەکانی بزووتنەوە، سەدا نەوەدی پیلانەکانمان کۆتایی پێهێناوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی بە سەدا 10ی دیکەش دێنین".

سەبارەت بە گلەیی کامیل حاجی عەلی و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوە کە بایکۆتی کۆنگرەیان کردووە و دەڵێن لە کۆنگرەدا ناوی ئەندامانی کۆنگرە زیادکراوە، عەبدوڵڵا وەرتی، دەڵێت: "چوار مانگ لەمەوبەر لیستی ناوی ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی، ئەندامی مەڵبەندەکان و کادیری پێشکەوتووی بزووتنەوەی ئیسلامی پێشکەش بە کۆمسیۆن کراوە، چونکە لەو لیستەی پێشتر پێشکەش کرابوو ناویان نەبووە، ئەو ناوانە بە رێکاری یاسایی تێپەڕیون و دواتر لە کۆمسیۆن پەسند کراون، با بچین سکاڵا بکەن، ئێمە پشت ئەستوورین".

راشیگەیاند: "چاوەڕێین رێژەیی یاسایی تەواو بێت لەناو هۆڵ، کۆنگرە کارەکانی کۆنگرە دەستپێدەکەین، داوا دەکەین ئەوانیش بێن لە هۆڵی کۆنگرە گفتوگۆ بکەین و ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هەڵبژێرین، مامۆستا عیرفان و ئەو برایەمان (کامیل حاجی عەلی) کاندیدن بۆ رابەری گشتی، بابێن رابەری گشتی هەڵبژێرین".

بڕیارە ئەمڕۆ کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان، لە شاری سلێمانی ببەسترێت، بەڵام کێشە کەوتووەتە نێوان دوو حزبەکە و کامیل حاجی عەلی کاندیدی رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، بەهۆی زیادکردنی ناوی ئەندامانی کۆنگرە بایکۆتی کۆنگرە دەکەن.