بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی دامەزراندن دەبەستێت

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: هەموو پیلانەکان شکستیان هێنا

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ 30ی ئەیلوولی 2023، بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان، کۆنگرەی دامەزراندن ببەستێت، رابەری گشتی حزبەکەش رایدەگەیەنێت، چەندین جار هەوڵی لەناوبردنی بزووتنەوەی ئیسلامی دراوە، هەموو پیلانەکان شکستیان هێناوە.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەیامێکدا بۆ سەرکردە و کادیر و ئەندامانی حزبەکەی گوتی: "لە پەنجا ساڵی رابردوودا ئارامتان گرت، هەموو پیلانەکان یەک لە دوای یەک شکستیان هێنا، چەندین جار هەوڵی لەناوبردنی بزووتنەوەی ئیسلامی دراوە، بەڵام بە هەوڵ و ماندوبوونی ئێوە و ئەوانەی پێش ئێمەش، بە پشتیوانی خوا ئاڵای سپی بزووتنەوەی ئیسلامی بە بەرزی مایەوە".

دەشڵێت: "تائێستا بزووتنەوەی ئیسلامی 12 کۆنگرەی بەستووە و هیچیان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام لێک تێنەگەیشتنێک لەنێوان ئێمە و کۆمسیۆن هەبوو، ئەوان پێیان وایە هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی دەبێ کۆنگرەی دامەزراندن بکات، چەند جارێک بەهۆی دۆخەکە و ئەو لەمپەرانەی دەخرانە پێش کۆنگرە دواخرا، ئێستا بڕیاردراوە لە 30/9/2023 کۆنگرە ببەستین".

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی بەشداری لە کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەکەن ژمارەیان دوو هەزار کەسە و پشتر لیستی ناوەکانیان ئامادە کراوە، راشیگەیاند: "پەڕەیەکی نوێ لە بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵدەدرێتەوە و دەچێتە قۆناغێکی دیکە، کۆتایی بەو کۆسپ و تەگەرانە دێت کە لە رابردوودا خراونەتە بەردەم بزووتنەوەی ئیسلامی".

ئەم کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کاتێکدایە زیاتر لە ساڵێکە کێشە کەوتووەتە نێو سەرکردایەتی بزووتنەوە، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بە سەرپەرشتی کامیل حاجی عەلی دەستیان لەکارکێشایەوە و دواتر خۆیان وەک جێگرەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوە راگەیاند، هاوکات رایانگەیاند، کە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵوەشاوەتەوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی کە بە دایکی حزبە ئیسلامییەکان لە کوردستان دادەنرێت، لە ساڵی 1987 لە لایەن کۆمەڵێک کەسایەتی ئایینی بە سەرکردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاندرا. بزووتنەوە یەکەم حیزبی ئیسلامیی چەکدارە کە لە باشووری کوردستان دامەزراوە.

دوای روخانی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، عەلی عەبدولعەزیز رێبەری ئەو کاتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لایەن ھێزەکانی ئەمەریکییەکان دەستگیر کرا، ئەمەش وایکرد تاڕادەیەک چالاکییەکانی سست بێت، بەڵام لە ساڵی 2008ـەوە عیرفان عەبدولعەزیز وەکو ریبەری بزووتنەوەی ئیسلامی ناسرا و بزووتنەوە دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە.

Fly Erbil Advertisment