بۆ یه‌كه‌مجار هۆكاری نه‌گواستنه‌وه‌ی ئێمباپێ بۆ ریال مه‌درید ئاشكرا ده‌بێت

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانیا بۆ جاری یەکەم هۆکاری نەگواستنەوەی کلیان ئێمباپێ بۆ ریزەکانی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات، هۆکارەکەش کەریم بێنزێمای هاونیشتیمانی بووە، لەبەر ئەوەی ئەو گۆڵکارەی پێشووی مێرنگی لەناکاو چوونی لە یانەکەی راگەیاند.

ئەم هاوینە دوای ئەوەی لەناکاو کەریم بێنزێما رایگەیاند گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێناکاتەوە و ئەو یانەیە جێدێڵێت، بەرپرسانی یانەکەی تووشی گەورەترین کێشە کرد و هەموو پلانەکانی ئەو یانەیەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لەبار برد.

ئەم وەرزە یانە شاهانەکە لە هێڵی پێشەوەی تووشی گەورەترین کێشە بووە، ئەویش بەهۆی نەبوونی یاریزانێکی بە ئەزموونی ژمارە (9) واتە سەرەڕم، بەرپرسانی یانەکەی پێیانوایە هۆکاری سەرەکی ئەم کێشانە کەریم بێنزێما هێرشبەری فەرەنسی بووە، تاوەکو ئێستاش بەهۆی بڕیارە لە ناکاوەکەی سه‌رۆك و كارگێری ریال مه‌درید، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەو یاریزانە پچڕاندووە.

مارکا دەڵێت: سەرەتا بەرپرسانی مێرنگی هیچ نیازێکیان نەبوو بیر لە گواستنەوەی هێرشبەرێکی ژمارە (9) لەم هاوینە بکەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان پێیانوابوو بێنزێما دەتوانێت هاوشێوەی ساڵانی رابردوو خزمەت بە یانەکەی بکات، بەڵام لەناکاو هەموو پڵانەکانیان لەبار بران.

یانە شاهانەکە لەوە دڵنیابوون کە بێنزێما لەگەڵیان بەردەوام دەبێت، بۆیە پێشوەختە گەرەنتیان لە جود بێلینگهام یاریزانی بورووسیا دۆرتمۆند وەرگرت کە ئەم هاوینە دەگوازنەوە ریزەکانیان و زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆشیان بۆ گواستنەوەی خەرجکرد.

دوای خەرجکردنی ئەو پارەیە و چوونی کەریم بێنزێما لە یانەکە، ئیدی پلانەکانی یانەکەی تێکچوون و ئەو یانەیە نەیتوانی شوێنگرەوەیەک بۆ کەریم بێنزێما بگوازێتەوە، بگرە کەریم بێنزێما بووە هۆی ئەوەی ریال مەدرید نەتوانێت کلیان ئێمباپێ هاونیشتیمانیشی بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە.

كه‌ریم بێنزێمای 35 ساڵ، ماوه‌ی 14 وه‌رزه‌ یاریی بۆ ریال مه‌درید كرد، له‌ كۆی 628 یاری، 339 گۆڵ و 163 ئاسیستی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید كردووه‌، ئه‌م هاوینه‌ بێنزێما په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی ئیتیحادی سعوودیه‌ كرد.

كه‌ریم بێنزێما، كریستیانۆ رۆناڵدۆ و نییمار دا سیلڤا
كه‌ریم بێنزێما، كریستیانۆ رۆناڵدۆ و نییمار دا سیلڤا