کۆریای باکوور: هاوپەیمانی ناتۆ وەرەمێکی شێرپەنجەییە و هەڕەشە لە سیستەمی نێودەوڵەتی دەکات

سەرۆکی کۆریای باکوور
سەرۆکی کۆریای باکوور

K24 - هەولێر

کۆریای باکوور رایگەیاند، هاوپەیمانی سەربازی لە نێوان ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشووردا، وەرەمێکی شێرپەنجەییە، کە هەڕەشە لە سیستەمی نێودەوڵەتی دەکات.

ئیم چون ئیل، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "هاوپەیمانی سێ قۆڵی سەربازی نێوان ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور بە روونی نیازی دوژمنکارانە بەرامبەر کۆریای باکوور و دراوسێکانی نیشان دەدات، ناتۆش بە هاندەری ئەو دوژمنکاریانە دادەنرێت، هەروەها دۆخی ئۆکرانیاش وەرەمێکی شێرپەنجەییە کە هەڕەشە لە سیستەمی نێودەوڵەتی دەکات لەسەر بنەمای ئامانج و بنەماکانی رەشنووسی نەتەوە یەکگرتووەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانییەکان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا مەترسیدارتر بوون، کە بە روونی سروشتی شەڕانگێزی و شۆڤێنیستی خۆیان نیشان دەدەن و بەردەوام هەڕەشە لە ئاسایش و سەروەری وڵاتان دەکەن.

ئیم چون ئیل دەشلێت: "پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و رووسیا قەڵایەکی نەبڕاوە و پاڵپشتییەکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی ئاشتی و رێگریکردن لە ستەمکاری و هەڕەشەی سەربازی و دەستوەردانی ئیمپریالیستەکان".

جەختیشی لەوە کردەوە، کە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و کۆریای باکوور لە گەشەکردنیاندا گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ، هەروەها ئەو رق و کینە خراپەیەی کە ئەمەریکا نیشانی داوە، نەبوونی زیرەکی و هێزی واشنتن نیشان دەدات.