وەزیری ناوخۆی تورکیا: بەهۆی هێرشێکی تیرۆرستییەوە دوو پۆلیس برینداربوون

دیمەنێکی دوای تەقینەوەکەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا
دیمەنێکی دوای تەقینەوەکەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا

K24 - هەولێر

تەقینەوەیەک لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە روویدا. وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت، هێرشەکە تیرۆریستی بووە و "تیرۆرستێک خۆی تەقاندووەتەوە".

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی کاتژمێر 09:30، دوو تیرۆریست کە بە ئۆتۆمبێلێکی بازرگانییەوە هاتوونەتە بەردەم دەروازەی هاتنە ژوورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هێرشێکی ترۆریستییان ئەنجام داوە".

بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، "یەکێک لە تیرۆریستەکان خۆی تەقاندووەتەوە و یەکێکی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە". دەشڵێت، هەر بەهۆی رووداوەکەوە، "دوو ئەفسەری پۆلیس بە سووکی بریندرابوون".

هاوکات داواکاری گشتیی ئەنقەرە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "لە 1ی ئۆکتۆبەر هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر دەروازەی هاتنە ژوورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ. بۆ ئەم مەبەستە لێکۆڵینەوەکان لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کۆماریی دەستی پێکردووە. لەبارەی ڕووداوەکەوە دادگای تاوانەکانی ئەنقەرە بڕیاری داوە کە بڵاوکردنەوە و وەشان قەدەغە بکرێت". 

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک ئەنجامدانی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.