بەریتانیا زیاتر لە چوار ملیار یۆرۆ بۆ پڕۆژەیەکی نوێی ژێردەریایی تەرخان دەکات

ژێردەریایی
ژێردەریایی

K24 - هەولێر

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، گرێبەستێکی بە بەهای 4.6 ملیار یۆرۆ، لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا کردووە لەوانە ( بی ئەی ئی سیستەمز) بۆ دابینکردنی پارە، بۆ پڕۆژەیەکی نوێی ژێردەریایی نەوەی نوێی "ئێس ئێس ئێن و ئۆکۆس".

ئەو گرێبەستانە کۆمپانیاکانی رۆڵس رۆیس و بابکۆکی بەریتانیش دەگرێتەوە، کەئەوانیش بەشێکن لە هاوپەیمانێتی سەربازی ئۆکۆ، لە نێوان ئەمەریکا و ئوسترالیا و بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی خواستەکانی چین لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن.

ئەو هەنگاوە نوێیە لە کۆنگرەی ساڵانەی پارتی پارێزگاران لە شاری مانچستەر ئاشکرا کرا، کە وەزیری بەرگری بەریتانیا، گرانت شابس گوتی: "ئەم ژێردەریاییانە هێزی دەریایی وڵاتەکەمان بەهێز دەکەن، بە ئامانجی پاراستنی سەروەری ستراتیژیمان لەژێر دەریادا".

لە مانگی ئاداردا، سەرکردەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و ئوسترالیا، ئەم بەرنامە هاوبەشەی ژێردەریاییەکانیان ئاشکرا کرد، بەڵام بەبێ چەکی ناوەکی، ئەوکات سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ستایشی "گرنگترین رێککەوتنی بەرگری هەمە لایەنە" کرد.

لە راگەیەندراوێکی کۆمپانیای ( بی ئەی ئی سیستەمز)دا رایگەیاند، داهاتوودا "ئێس ئێس ئێن و ئۆکۆس"، گەورەترین و بەهێزترین و پێشکەوتووترین ژێردەریایی دەبێت"، کە بۆ هێزی دەریایی شاهانە دابینکراوە.

یەکەم نموونەی ئەم ژێردەریاییە لە کۆتاییەکانی 2030 رادەگەیەنرێت، ژێردەریاییەکان کە بە وزەی ناوەکی کاردەکەن ئەستەمە بدۆزرێنەوە، دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ بڕوات، هەروەها توانای هەڵگرتنی موشەکی کروزیان هەیە.