گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمی خوێی ئیسپانیایی کەمکردووەتەوە

خوێی هەرێمی قادشی ئیسپانیا
خوێی هەرێمی قادشی ئیسپانیا

K24 - هەولێر

خوێی قادش چەند سەدەیەکە بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ خەڵکی ناوچەکە، بەڵام بەمدواییانە گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمی خوێی قادشیان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە، بەجۆرێک مەترسی لەناوچوونی تەواوەتی لەسەرە.

ماوەی چەند سەدەیەکە کەنداوی قادش خاکی ئیسپانیا بەبەرهەمی خوێ پاراو دەکات. خاکی قادش بۆ بەرهەمەهێنانی خوێ ناوازەیە، ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی پایز و پێش ساردبوونی هەوا، جووتیاران دەست بە کۆکردنەوەی بەرهەمی خوێ دەکەن.

کێڵگەکان بەشێوەی گۆل لە یەکتری جیاکراونەتەوە و پڕئاون، لەنێویشیاندا خوێیەکی پاک و بێگەرد هەیە، کە ماوەی زیاترە لە سێ سەدەیە بووەتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ خەڵکی هەرێمی قادشی ئیسپانیا.

خوان کارلۆس، لە کێڵگەیەکی خوێی هەرێمی قادش کرێکارە و دەڵێت: "کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی خوێ لە کێڵگەکانی قادش زۆر ئاسانە، چونکە کێڵگەکان گەورەن و خوێیەکەش پاکە، هەڵبەت ئەگەر کەشوهەوا گونجاوبێت، خوێ هێما و گەورەیی قادشە."

جووتیارەکان لەگەڵ ئەوەی دڵخۆشن بە کۆکردنەوەی بەرهەمی خوێ، شتێکی دیکە نیگەرانیان دەکات، ئەویش کەمبوونەوەی رێژەکەیەتی، وەک خۆیان دەڵێن ساڵ لەدوای ساڵ بەرهەمی خوێی قادش کەمدەبێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ گەرمبوون و گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.

 لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا زیاتر لە 160 کێڵگەی خوێ لەقادش هەبوون و ساڵانە بەرهەمی زۆریان هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ تەنها چوار کێڵگە کەمبووەتەوە.

خوێی قادش وەک بەفر سپییە، دوای کۆکردنەوەی لەبەردەم هەتاو هەڵدەخرێت تا وشکببێتەوە، پێش ئەوەی بەبڕی جیا لەنێو سندووقی گەورە کۆبکرێنەوە و رەوانەی بازاڕەکان بکرێن.

خوان مارتن، وێنەگرە و باس لەوە دەکات، "کێڵگەکانی قادش خاوەنی کاربۆنێکی تایبەتن، لەگەڵ کاربۆن ئۆکسجینیشیان تێدایە، بەڕاستی ئەم ناوچەیە خاوەنی ناوبانگێکی گەورەیە لەبواری بەرهەمەهێنانی خوێدا، ئێرە نیشانەی سروشتێکی جوانە".

سروشتی جوانی قادش و لەباری ئاوهەواکەی، وایکردووە چەندان باڵندەی وەک نەورەس و جۆرەکانی دیکە،، ناوچەکە بکەن بەهەواری پاییزەیان، وێنەگرانیش دەستە دەستە بۆ تۆمارکردنی ئەو دیمەنانە دەچنە قادش.