نەرمین مەعروف: وەزیری دارایی لەبارەی مووچە و بودجە سەردانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەکات

نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - هەولێر

نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند، سه‌باره‌ت به‌ پشك و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاره‌ رۆژی پێنجشه‌ممەی داهاتوو‌ وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق بکات و تێڕوانینی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بخه‌نه‌ڕوو.

نەرمین مەعروف بە کوردستان24ی گوت: "لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر، میوانداری لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکات، بۆ ئەوەی تێڕوانینی خۆی لەسەر ئەو پرسە بخاتە روو، هەروەها  تێڕوانینی هەردوولا پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت".

گوتیشی: "وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، چارەسەرێک بۆ ئەو گرفتە بدۆزنەوە، بۆیە لە ماوەی رابردوودا لیژنەی دارایی میوانداری وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دانوستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەی ماوەتەوە وەڵام و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی وەزیری دارایی و ئابووری".

سەبارەت بە بودجەی پارێزگاکانی عێراق، کە تائێستا بودجەی وەبەر‌هێنا بۆ پارێزگاکان خەرج نەکراوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەسەر ئەو پرسە میوانداری وەزیری پلاندانانی عێراقمان کرد، لە روونکردنەوەکانیدا دەرکەوت پەیوەندی بەو رێکارانەوە هەیە کە وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان داوایان کردووە، لە پارێزگاکان بۆ ناردنی پڕۆژەکان، هەندێک لە پارێزگاکان پێیەوە پابەند نەبوونە بەو رێکارە داراییەکان، یەکێک لەو پرسانەی پەیوەستە بە بابەتی پترۆدۆلارە، لەناو یاسای بودجەدا بڕی دوو ترلیۆن دینار بۆ شایستە داراییەکانی ئەو پارێزگایانە دانراوە کە بەرهەمهێنەری نەوت و گازن یان پاڵاوگەیان هەیە لە رێژەی سەدا پێنجی داهاتی ئەو نەوتەیان پێدەدرێت، لە رابردوودا هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر نەدرابوو، ئەم بابەتە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە بەتایبەتی کەرکووک، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەدا رێکاری نوێیان بۆ ئەو پرسە گرتووەتە بەر".