ئێران بەنیازە ڤیزای لەگەڵ سعوودیە هەڵبوەشێنێتەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەمزووانە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و خەرتوم رادەگەیەنرێت و هەروەها بیر لە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا لەگەڵ هەندێک وڵات دەکەینەوە لەوانە سعوودیە.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: دامەزراوەکانی ئێران بیر لە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای چوونە ناو ئێران دەکەنەوە لەگەڵ هەندێک وڵاتدا، لەوانە هاوڵاتیانی سعوودیە، هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار لەو بارەیەوە ئەنجام دراوە.

ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە دێت کە ئێران و سوودان لە مانگی حەوتدا رایانگەیاند، پلانیان هەیە پەیوەندییەکانی نێوانییان دەست پێبکەنەوە، پاش ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران حوسێن ئەمیر عەبدولڵاهیان بۆ یەکەم جار چاوی بە هاوتا سوودانییەکەی عەلی سادق کەوت.

لەمانگی نیسانی رابردوودا، ئێران و سعوودیە بە نێوەندگیری چین رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی نێوانییان بەشیوەیەکی گشتی کە لەساڵی 2016ەوە پەیوەندییەکانییان پچڕابوون، هاوکات لەمانگی رابردووش هەردوو وڵات باڵیۆزخانەکانییان کردەوە.