شەشەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بەرز راگیرا

شەشەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا. وێنە: AP
شەشەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا. وێنە: AP

K24 – هەولێر:

بە هەزاران کەتەلۆنی لە شاری بەرشەلۆنە یادی شەش ساڵەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمەکەیان کردەوە و رایانگەیاند:"بە شێوازێکی سەردەمیانە لە زیاتر 92%ـی بەبەڵێ دەنگیان بە سەربەخۆیدا، بەڵام دنیای دیموکرات پشتی تێکردین و دانیان بە سەربەخۆیی کۆماری کەتەلۆنیادا نەنا".

شەشەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا، بە هەزاران کەتەلۆنی لە بەرشەلۆنە بە گوتنەوەی دروشم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیا چوونە بەردەم باڵەخانەی پۆلیس. خۆپیشاندەران دەڵێن، "ئەو هێزەی لە هەرێمی کەتەلۆنیا جێگیرکراون هێزی داگیرکەرن و ئێمە ریفراندۆممان کردووە و دەنگمان بەسەربەخۆییداوە، کاتی ئەوەیە وەک هەموو گەلانی دنیا وڵاتێکی سەربەخۆمان هەبێت".

نووریا بێرتران، خۆپیشاندەر، رایگەیاند، "ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستمان پێکرد لەسەری بەردەوام دەبین، هەتا ئەوکاتەی ماف و ئازادی و سەربەخۆییمان بەدەستدەهێنین".

لەلای خۆیەوە مۆنتسی هیرۆ، خۆپیشاندەرێکی دیکە، گوتی:"پێویستمان بە ریفراندۆمێکی دیکە نییە، دەمانەوێت تاکلایەنە سەربەخۆیی رابگەیەنین ئەگەر بەوشێوەیە نەبێت ناتوانین سەربەخۆیی بەدەستبهێنین".

سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بۆ هێورکردنەوەی خەڵکی کەتەلۆنیا دەیەوێت بڕیاری لێبوردن بۆ کارلێس پۆجدیمۆنت، ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکی پێشووی کەتەلۆنیا دەربکات. کەتەلۆنیەکان دەڵێن، "بەشێوازێکی سەردەمیانە و دوور لە توندوتیژی بۆچوونی خۆمان گەیاندووەتە دنیای دیموکرات ئێستاش داوای مافی خۆمان دەکەین".

خۆپیشاندان و شەشەمین ساڵیادی ریفراندۆمی کەتەلۆنیا، لەکاتێکدایە کە حکومەتی ئیسپانیا بە دۆخێکی سەختی سیاسیدا تێدەپەڕێت، سەرەتای ئەم مانگەش لە رۆژی نیشتمانی کەتەلۆنیادا زیاتر لە 800 هەزار کەس لە بەرشەلۆنە داوای راگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمەکەیان دەکرد.

رۆژی (1ـی ئۆکتۆبەری 2017) و 6 رۆژ دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 44 هەزار و 38 کەتەلۆنی واتە %92ـی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیان بە سەربەخۆیی کەتەلۆنیادا، هەروەها  27ـی ئۆکتۆبەریش پەرلەمانی کەتەلۆنیا دەرئەنجامەکەی پەسەندکرد و سەربەخۆیی راگەیاند، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دنیای دیموکراتەوە دانیپێدا نەنرا.