شارەزایه‌كی بواری وزە: هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم سوودی بۆ تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت
K24 – هەولێر:
ئه‌مڕۆ وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، هێڵی گواستنەوەی نەوتی هه‌رێم له به‌نده‌ری جه‌یهان ئامادەیە و بەپێی زانیارییەکانیش لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بڕێک نەوت وەک تاقیکردنه‌وه بە سەرکەوتوویی بە هێڵه‌كه‌دا گواسترایه‌وه. شاره‌زایه‌كی بواری وزه‌ش ده‌ڵێت: "هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم سوودی بۆ تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت".
سەڵاحەددین ئەحمەد شارەزای بواری وزە له‌مباره‌یه‌وه به كوردستان24ـی راگه‌یاند، دەستپێکردنەوەی پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی، سوودی سێ لایەنەی بۆ تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئه‌و شارەزایه‌ی بواری وزە ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ئیتیحادی رێككه‌وتوون تاكو نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بفرۆشرێت.
گوتیشی: "راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان زیانی گه‌وره‌ی به ئابووری عێراق و هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه".
سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌وه رامیار رزگار ئابووریناس به كوردستان24ـی راگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به به‌غدا جێبه‌جێكردووه.
ئه‌مڕۆ ئاڵپ ئارسلان بایراکتار وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنفرانسی نەوتی ئەبوزەبی ئاشکرایکرد، هێڵی گواستنەوەی نەوتی هه‌رێمی كوردستان لە بەندەری جەیهان ئامادەیە.
هه‌روه‌ها سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق پێشتر بەکوردستان24ـی راگەیاندبوو، مانگی 10 (تشرینی یه‌كه‌م) بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا، یەکلاکەرەوە دەبێت.
ده‌رباره‌ی پرسی دووباره هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندبوو، راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه، زیان بە بودجەی عێراق دەگەیەنێت و ناتوانن له به‌رامبه‌ریدا ده‌سته‌وه‌ستان بن، بۆیە هه‌نگاوه‌كانیان بۆ زیادكردنی بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو له رێگه‌ی به‌نده‌ری باشووره‌وه خێراكردووه، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و 500 هه‌زار به‌رمیله‌ی رۆژانه له‌رێگه‌ی به‌نده‌ره توركییه‌كه‌وه هه‌نارده‌ده‌كران، وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاویش توانیویانه له مانگی رابردوودا رۆژانه 50 هه‌زار به‌رمیلی زیاده له رۆژێكدا، له‌ڕێگه‌ی باشووره‌وه هه‌نارده بكه‌ن.
له 25ی ئاداری رابردووه‌وه تا ئێستا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا وه‌ستاوه، به گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پێویسته هه‌رێمی كوردستان رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات، له‌به‌رامبه‌ردا شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه دابینبكرێت.
دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان به ژماره:
راگرتنی هەناردەكردنـی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له 25ـی ئاداری 2023 بوو
هەناردەی رۆژانه‌ی نەوتی هەرێمی کوردستان 400000 بەرمیله
هه‌نارده‌ی نه‌وتی کەرکووك 100000 بەرمیله
زیانەکانی راگرتنی هەناردەی نەوت به‌شەش ملیار دۆلار دۆلار تا ئێستا خه‌مڵێندراوه