ئیسرائیل لە سنووری دێرەزوور بۆردوومانی چەند شوێنێکی سوپای سووریا دەکات

K24 - هەولێر:

ئاژانسی (سانا)ـی سووری بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەیەکی سنووری دێرەزوور بۆردوومانی چەند شوێنێکی هێزە چەکدارەکانی سوپای سووریایان کردووە.

بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسە سووریەکە، لەو هێرشە ئاسمانییەدا کە درەنگانی شەوی رابردوو کاتژمێر (11:50) ئەنجام دراوە، دوو سەربازی سوپای سووریا بریندار بوون و هێرشەکە زیانی ماددیشی لێکەوتووەتەوە.

ئەم هێرشە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تانکەکانیان لە ناوچەی عەین ئەلتینە لە بەرزاییەکانی جۆلان "دوو بنکەی کاتی" هێزەکانی سووریایان بۆردوومان کردووە.

لە دوای قەیرانی سووریا لە 2011، سوپای ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای سووریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

ئیسرائیل رژێمی سووریا بەوە تۆمەتبار دەکات کە رێگەی بە هێزەکانی سەر بە ئێران داوە لە ناوخۆی سووریاوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

رۆژی 31ـی ئاداری 2023، بەشی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ نزیک شاری دیمه‌شق، پاسدار "میلاد حەیدەری" کە وەک راوێژکار لە سووریا كاری ده‌كرد، گیانی لەدەستدا.