ئەمەریکا داوای چاودێری نێودەوڵەتی دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەی قەرەباخ

K24- هەولێر

ئەمەریکا بانگەشەکەی بۆ پێکهێنانی نوێنەرایەتییەکی چاودێری نێودەوڵەتی لە قەرەباخ دووپاتکردەوە، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی مافی گەڕانەوە بۆ دەیان هەزار ئەرمەنی کە لە ناوچەکەدا هەڵاتوون.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: بەنگەشەکەی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ پێکهێنانی نوێنەرایەتییەکی چاودێری نێودەوڵەتی و سەربەخۆ بە ئامانجی دڵنیاکردنەوەی دانیشتوان و دەستەبەرکردنی ماف و ئاسایشی هەموو ئەوانەی ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە بۆ قەرەباخ.

میلەر رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر تۆمەتبارکردنی ئەرمینیا بدات کە باکۆ پاکتاوی نەتەوەیی لە قەرەباخ ئەنجامدابێت و گوتی "ئێمە بە جددی مامەڵە لەگەڵ هەر تۆمەتێکی جینۆساید، پاکتاوی نەتەوەیی دەکەین."

دەشڵێت: ئێمە کەمتەرخەمی ناکەین لە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ ئەوەی بەرپرسان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام وەک هەمیشە دیاریکردنی جینۆساید یان پاکتاوی نەتەوەیی پرۆسەیەکە لەسەر بنەمای بەڵگەکان دەبێت دیاری بکرێت.

هێزەکانی ئازەربایجان لە مانگی ئەیلوولدا هێرشیان کردە سەر ناگۆرنۆ قەرەباخ کە زۆرینەی دانیشتووانی ئەرمەنینە، کە بەهۆی هێرشەکەوە ناوچەکەیان بەجێهێشتووە.