ساندرۆ رۆسێل بێدەنگی دەشكێنێت و باسی کەیسی نێگرێرا دەکات

ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکی پێشووتری بارسێلۆنا
ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکی پێشووتری بارسێلۆنا

ساندرۆ رۆسێل سەرۆکی پێشووتری بارسێلۆنا دێتە دەنگ و باس لە کەیسی نێگرێرا دەکات، ئەم کەیسەی ئێستا بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر یانە کەتەلۆنییەکە.
رۆسێل دەڵێت: ژاوەژاوێکی گەورە کراو هەیە و هەر 4-5 ساڵ جارێک بابەتێکی لەمشێوەیە دروست دەکرێت و بووەتە مێژوو هەر جارێک بارسێلۆنا لە بابەتێک تێوەدەگلێنن و تۆمەتباری دەکەن.
رۆسێل پێیوایە دوایین کەیس نابێت لەسەر بارسێلۆنا دروست دەکرێت و ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت، سەرۆکەکەی پێشووتری بارسا بە تەنزەوە هێما بۆ ئەوە دەکات: ئەگەر ئێمە ساڵانە 400 هەزار یۆرۆ بدەین بەرامبەر 100 راپۆرت مانای ئەوەیە هەر راپۆرتێک بە 4 هەزار یۆرۆ دەبێت و کەواتە لەم رێگەیەوە دەتوانیت لە کارتی زەرد یان لێدانی سزا رزگارت ببێت.
رۆسێل دەشڵێت: ئێمە بۆسکێتس و مێسی و ئالبا و ئینیێستا و چەند ئەستێرەیەکی دیکەمان هەبوو دەبێت هەمووان لەوە تێبگەن بارسێلۆنا لەم قۆناغە واتە چی؟ تەنانەت فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاش پێشتر رایگەیاندووە کە هیچ کاریگەریان لەسەر ناوبژیوانان نییە، وای دەبینم ئێمە بە کوشتن تۆمەتبار کراوین بەڵام لە راستیدا نازانرێت تەرمەکە یان کوژراوەکە لە کوێیە.
رۆسێل لە درێژەی قسەکانی دەڵێت: دادوەر بارسێلۆنا بە پێدانی بەرتیل تۆمەتبار دەکات، بەڕاستی سەرنجراکێشە چونکە ئەم جۆرە تۆمەتانە کاتێک روودەدات کە تۆ بەرپرسێکی گشتی بیت، بەڵام ئەوان شتەکانیان گۆڕیوە چونکە لە لێکۆڵینەوەکانیان هیچ یارییەکیان نەدۆزیەوە کە مێسی و یاریزانەکانی دیکە یان راهێنەرەکان بە شایستەیی سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنابێت، بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی تۆمەتبارمان بکەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە بەڵگە هەبێت.
رۆسێل دەڵێت: یارییەکم پیشان بدەن کە ناوبژیوان هاوکاری ئێمەی کردبێت، من دەتوانم زۆر یاریتان پیشان بدەم کە ناوبژیوان هاوکاری نەکردووین، بەڵێ ئێمە لە 2014 بەهۆی هەڵەی ناوبژیوان لە دوا گەڕی لالیگا نازناوەکەمان لەدەست دا، دواتریش ناوبژیوانەکە ئاشکرای کرد کە هەڵەی کردووە.
سەرۆکی پێشووتری بارسێلۆنا ئاشکراشی دەکات ئەم کەیسە زۆر گەورە کراوە و بووە بە مشتومڕێکی گەورە و لە سنوور دەرچووە.