زانایانی رووسیا سووتەمەنی لە ئاو دروست دەکەن

K24 - هەولێر

زانایانی زانکۆی رۆستۆڤی رووسیا ماددەیەکیان دروستکردووە، کە دەتوانێت سووتەمەنی لە ئاو دروست بکات و بۆ پاترییە کارەباییەکان بەکاربێنن.

دکتۆر تاتیانا میاسویدۆڤا، توێژەری تاقیگەی توێژینەوەی تەکنەلۆجیای نانۆ، لە زانکۆی رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا ئاشکرای کرد، زانایانی زانکۆی رۆستۆڤ ماددەیەکی هەرزانیان دروستکردووە، کە دەتوانێت سووتەمەنی لەئاودا دروست بکات، بەمەش دەتوانرێت بۆ پاترییە کارەباییەکان بەکاربهێنرێت.

توێژەرە رووسییەکە جەختی کردەوە: "گۆگردی مس و مۆلیبدینۆم لەسەر تەختەیەکی کانزایی و نیکل، دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر گەردەکانی ئاو بۆ ئۆکسجین و هایدرۆجین دابەش بکەن، پڕۆسەکەش لە ژێر کاریگەری تەزووی کارەبادا ئەنجام دەدرێت".

راگەیاندنی زانکۆکە رایگەیاندووە، کە پلاتینیۆم و پێکهاتەکانی دیکە، بە یەکێک لە کاریگەرترین کارلێکە کارەباییەکان دادەنرێت، بۆ بەرهەمهێنانی ئۆکسجین و دەرچوونی هایدرۆجین، بەڵام ئەم ماددانە گرانن و پارێزگاری لەو ماددانە ناکەن کە دەبنە هۆی ئۆکساندنی سووتەمەنی.

دەشڵێت: زاناکان رێگایەکی هەرزانتریان دۆزیوەتەوە لەو رێگایانەی کە لە جیهاندا بەکاردەهێنرێت، بۆیە ئەم داهێنانە دەتوانێت بۆ خانەکانی سووتەمەنی وەک پاتری کارەبایی بەکاربهێنرێت.