شانۆگەری لێکترازان نوێترین بەرهەمی دانا رەئووفە

K24 - هەولێر:

هونەرمەندی دەرهێنەر "دانا رەئووف" بە فۆڕمێکی نوێی شانۆیی کار بۆ شانۆگەریی "لێکترازان" دەکات، کە لە نواندنی دەستەیەک لە هونەرمەندانی ناسراوی سلێمانییە "شەماڵی عەبە رەش"یـش رۆڵی سەرەکی لەو بەرهەمە شانۆییەدا دەبینێت و ئێستاش سەرقاڵی مەشق و راهێنانن بۆ نمایشکردنی شانۆگەرییەکە، کە بڕیارە لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکووک  و زۆربەی شار و شارۆچکەکان نمایش بکرێت.

دانا رەئووف، نووسەر و دەرهێنەری ئەم شانۆگەرییە بەتایبەت بۆ ئەم نمایشە لە سویدەوە گەڕاوەتەوە کوردستان و لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 دەڵێت: "شانۆنامەی لێکترازان دوا دەقی شانۆیمە کە نوسیوومە و باسی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکات، کە لە ژیانی هەموواندا رەنگدەداتەوە و هەموو تاکێک لەم دەقەدا خۆی تێدا دەبینێتەوە و لەگەڵ ستافێکی ئەکادیمی و هونەرمەندی لێهاتوو سەرقاڵی راهێنانین، کە هونەرمەندان بە عەشقێکی زۆرەوە دەڕواننە ئەو کارە هونەرییە و دیالۆگەکانیشی دەربڕینی خۆشەویستی و عەشقێکی بێ وێنەیە، بەڵام دوای هەموو خۆشەویستی و عەشق و ئەوینێک بە لێکترازان کۆتایی بە ژیان دێنن".

گوتیشی: "یەکێک لە کارەکتەرەکان، کە دەبێته جێی سەرنجی بینەر ئەوەیە، دوورەپەرێزی و گۆشەگیری پیاوێک، کە بەردەوام خەریکی نووسین و تێکستە شیعرییەکانیەتی و دابڕاوە لە ژیانی ئاسایی و لە هزری ئەویشدا ئەوەی دەگوزەرێت خەیاڵە و لە هێڵێکی جیاوازدایە و ژیان لە هزری ئەودا بە روخسارێکی دیکە خۆی دەنوێنێت".

هاوکات دیاری عومەر، یەکێک لە ئافرەتە بەشداربووەکانی ئەم شانۆگەرییە دەڵێت: جیاوازی ئەم شانۆگەرییە، هەڵبژاردنی ستایلە تازەکەیەتی، کە لە پێشووتردا ئێمە کارمان لەسەر دەقی هاوشێوەی ئەو کارە نەکردووە و رۆڵی منیش رۆڵی کچێکە، کە تەواوی خێزانەکەم لێکترازاوە و هەریەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەمان کەوتووینەتە شوێنێکی نادیار و ناتوانین جارێکی تر بگەین بە خاڵی لە یەکتر تێگەیشتن و دروستکردنەوەی خانەوادەیەک ئاسوودە و بێ کێشه و گرفت، کە ئەمەش ئێستا رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی زۆربەی تاکی ئەم کۆمەڵگەیەدا هەیە.