فێستیڤاڵی گەلان بە بەشداری خەڵکی 180 وڵات لە واشنتن بەڕێوەچوو

فێستیڤاڵی گەلان لە واشنتن.
فێستیڤاڵی گەلان لە واشنتن.

K24 – واشنتن:

لە واشنتن دی سی بە بەشداری خەڵکی زیاتر لە 180 وڵات فێستیڤاڵی جیهانیی گەلان بەڕێوەچوو. گۆرانی، مۆسیقا، گوتاری سەرکردەکان و نمایشی جیاوازی کولتووری پێکهاتەی فێستیڤاڵەکە بوون. ئەو فێستیڤاڵە بە دەستپێشخەری گورودێڤ سری شانکەری هیندستانی لە ساڵی 1981 دامەزراوە و هەر پێنج ساڵ جارێک لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت.

فیجەی شا، دانیشتووی ئۆهایۆ و هاوکات بەشداربووی فێستیڤاڵەکە، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "خەڵکی وڵاتی جیاواز لەو فێستیڤاڵەدا کۆبوونەتەوە. گۆرانی دەڵێن، چێژ دەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن، بەڕاستی هەستم بەوە کرد ئێمە یەک خێزانین، زۆر نایابە، کولتووری جیاواز بەیەکەوەن و هەست بە خۆشییەکی زۆر دەکەم و ئاهەنگێکی مەزنە".

فێستیڤاڵی جیهانیی گەلان لە واشنت دی سی خەڵکی زیاتر لە 180 وڵاتی کۆکردەوە، هەر یەکەیان بە کولتوور و کەلەپووری خۆی، بە مۆسیقا، گۆرانی و گوتار نمایشی سەرنجڕاکێشیان پێشکەش بە فێستیڤاڵەکە کرد.

لەلایەکی دیکەوە ئانلی، هاووڵاتی چینی، بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکە گوتی: "هەستێکی تەواو جیاوازە، من لە نزیک شوێنی نمایشەکان بووم و ئەمڕۆش لە شاشەکانەوە نمایشەکانم بینی، زۆر کولتووری جیاواز دەبینم بۆیە منیش ئەمڕۆ لێرەم، دڵخۆش بووم کە لەگەڵ خێزانەکەم توانیمان ببین بەشێک لەم فێستیڤاڵە، بەڕاستی جوانە، ئەمە ساڵی یەکەمە لێرە بەڕێوەدەچێت، هیوادارم جارێکی دیکەش هەر بگەڕێتەوە ئێرە."

لەلایەن خۆیەوە گۆرۆ ئەگرۆ وۆڵ، هاووڵاتی هیندستان، بە کوردستان24ـی گوت: "هەموو وڵاتان و شاندەکان لێرە بەیەکەوەن، نمایشی کولتووری دەکەن و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن، فێستیڤاڵەکە دەربارەی ئەمەبوو، خەڵک ساتێکی خۆشیان بەڕێکرد، جارێکی دیکە یەکیان گرتەوە و بەیەکەوە شادبوونەوە".

ڤێستیڤاڵی جیهانیی گەلان دەستپێشخەری  دامەزراوەی هونەری ژیانە کە لەلایەن کەسایەتیی رووحی و یۆگا، گورودێڤ سری شانکەری هیندوستانی لە ساڵی 1981 دامەزراوە. ڤێستیڤاڵەکە هەر پێنج ساڵ جارێک لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵ لە مەیدانی نیشتمانیی واشنتن دی سی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، پێشبینیش دەکرێت کۆی داهاتەکەی بۆ شارەکە 30 ملیۆن دۆلار بێت.