سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کوردستان24: هەوڵدەدەین لەگەڵ عێراق لەسەر پرسی پەنابەران رێکبکەوین

رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا

K24 - ستراسبۆرگ:

رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، دەڵێت: پێویستە لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ رووبەڕووی ئاڵنگاری پەنابەران ببینەوە و پێکەوە ئەم قەیرانە چارەسەر بکەین، ناوبراو گوتیشی: هەوڵدەدەین لەگەڵ عێراق لەسەر پرسی پەنابەران رێکبکەوین.

ئەمڕۆ سێشەممە (3ـی تشرینی یەکەمی 2023)، کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمانی ئەوروپا لەشاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لەسەر دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی پەنابەران لەئەوروپادا بەرێوەچوو، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە وەڵامی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: لەماوەی رابردوودا لەگەڵ چەند ووڵاتێک رێکەوتنمان لەسەر پەنابەران کردووە و هەوڵدەدەین لەگەڵ ووڵاتانی دیکەش وەکو عێراق، سوریا و ئەفغانستان رێکەوتن بکەین.

مێتسۆلا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە پێکەوە ئێمە لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ رووبەرووی ئاڵنگاری پەنابەران ببینەوە و پێکەوە ئەم قەیرانە چارەسەر بکەین.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا باسی لەوەشکرد، بەدواداچوون دەکەین لەسەر ئەو پارەیەی کە وەکو هاوکاری لەرێگای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەشی ووڵاتانی سێیەم دەکەین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 245 هەزار و 688 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە هەرێمی کوردستان دەژین و هەروەها حەوت هەزار و 821 پەنابەری باکووری کوردستان و تورکیا و هەشت هەزار و 168 پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و 618 پەنابەری فەڵەستینی و 881 پەنابەری هەڵگری رەگەزنامەی جۆراوجۆر و زیاتر لە 600 هەزار ئاوارەی ناوخۆییش لە هەرێمی کوردستان دەژین.

لەو ژمارەیەشدا، 30%ـی ئاوارە و پەنابەرەکان لەناو کەمپەکاندا دەژین کە ژمارەیان 36 کەمپە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و ئەمنیەت و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان بۆ دابینکراوە.