کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەخاتەڕوو

سوودانی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کۆدەبێتەوە
سوودانی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کۆدەبێتەوە

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بودجەی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەخاتەڕوو، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش وەزارەتی دارایی عێراق رادەسپێرێت بۆ دابینکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی کۆمیسیۆن.

رۆژی سێشەممە (3ـی تشرینی یەکەمی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و جێگرەکەی کۆبووەوە و تاوتوێی دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن کرا بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوتوێی بودجەی پێویستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کرد.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆن وردەکاری رێکارەکانی کۆمیسیۆن و بودجەی پێویستی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خستە بەردەم سوودانی.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی ئاراستەکرد بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی کارمەندانی کۆمسیۆن و گرێبەستەکان چارەسەر بکرێت و تەواوی ئاستەنگەکان لاببرێن.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.

رۆژی (9ـی ئابی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە راسپاردنی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەو وادەیەی لە مەرسوومی هەرێمیدا دیاریکراوە.