رێکخراوێک ئامادەیە لەسەر ئەرکی خۆی بووک و زاواکەی حەمدانییە بباتە کەنەدا

چالاکوانێک: چوونی بووک و زاواکە بۆ کەنەدا، کریستیانەکان هان دەدات کۆچی دەرەوەی وڵات بکەن
بووک و زاواکەی حەمدانییە لەنێوان شین و شاییدا
بووک و زاواکەی حەمدانییە لەنێوان شین و شاییدا

K24 - هەولێر

رێکخراوێکی کەنەدی رایدەگەیەنێت، ئامادەیە لەسەر ئەرکی خۆی بووک و زاواکەی حەمدانییە بباتە کەنەدا و کار بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی پێیان بکات. چالاکوانێکی کریستیانیش دەڵێت، "چوونی بووک و زاواکە بۆ کەنەدا، کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا هان دەدات، کۆچی دەرەوەی وڵات بکەن".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، نەدا عەبدولحەمید، سەرۆکی رێکخراوی (کەنەدا بۆ کۆچکردن - Canda GURS)، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "رێکخراوەکەمان پێشنیازی کردووە و ئامادەیە لەسەر ئەرکی خۆی، بووک و زاواکەی حەمدانییە (حەنین ریاز و ریڤان ئیشۆ) بباتە کەنەدا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە کار دەکەن بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی پێیان".

رۆژی دووشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2023، باوکی حەنین ریاز، بووکەکەی حەمدانییە، کە یەکێک بوو لە بریندارانی رووداوەکەی حەمدانییە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا و دوێنێ تەرمەکەی لەگەڵ تەرمی حەوت قوربانی دیکەی رووداوەکە بەخاکسپێردا. هەرچەندە ئاماری راستی قوربانییەکانی رووداوەکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام ئەوەی هەموو لایەک جەختی لێدەکەنەوە، تا ئێستا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش بریندران، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون؛ ئەمە جگە لە بێسەروشوێنبوونی دەیانی دیکە.

سەرۆکی ئەو رێکخراوە باسی لەوەش کرد، سەرەڕای کارکردن بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی، رێکخراوەکەیان ئامادەیە خانوو، کەلوپەلی ناوماڵ و هەموو پێداویستییەکانی دیکەی رۆژانە بۆ بووک و زاواکەی حەمدانییە دابین بکات. گوتیشی، "بووک و زاواکە لەبارەی پێشنیازەکەی ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا پرسەیان هەیە، بە شێوەیەکی فەرمی وەڵاممان نەدراوەتەوە".

رێڤان ئیشو، زاواکەی حەمدانییە پێشتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کردبوو، هاوسەرەکەی لەو رووداوەدا دایک، باوک، برایەکی و هەشت لە ئەندامانی خانەوادەکەی لەدەستداوە و ئێستا هاوسەرەکەی تاساوە و قسەی بۆ ناکرێت. گوتیشی: "چیتر ناتوانن لێرە بژین راستە ئێمە لێرە دانیشتووین و دەژین، بەڵام ئێمە لە ناخەوە مردووین و هیچ هەستێکمان نەماوە".

لەلایەکی دیکەوە سۆزان حەنا، چالاکوانی کریستیانی دانیشتووی قەزای حەمدانییە، لەبارەی پێشنیازەکەی رێکخراوە کەنەدییەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پێشنیازی رێکخراوی 'کەنەدا بۆ کۆچکردن' بەمەبەستی بردنی بووک و زاواکەی حەمدانییە بۆ ئەو وڵاتە و پێدانی مافی پەنابەرێتی پێیان؛ کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر خەڵکی کریستیانی دانیشتووی دەشتی نەینەوا دەبێت، بەڵام پێموایە کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاتر دەبن".

ئەو چالاکوانە کریستیانە ئاماژەی بەوەش کرد، "لەوانەیە چوونی بووک و زاواکەی حەمدانییە بۆ کەنەدا و بە جێهشتنی ئەو شوێنەی رووداوەکەی لێ روویداوە، ببێتە هۆی ئەوەی کەمێک لە خەفەت و ئازاریان کەمببنەوە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، چوونەکە هانی کریستیانەکانی دانیشتووی ناوچەی نەینەوا دەدات، ناوچەکە بەجێبهێڵن و کۆچی دەرەوەی وڵات بکەن. بۆیە پێموایە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پێشنیازە لە ئەرێنییەکانی زیاترن".

بەشێک لە هاووڵاتییانی کریستیانی دانیشتووی دەشتی نەینەوا پێیانوایە دەستێک لە پشت رووداوەکەی درەنگانی شەوی 26ی ئەیلوولی حەمدانییە هەیە و ئاگری هۆڵی هاوسەرگیرییەکە، بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە نەکەوتووەتەوە وەک ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی پێدا، بۆیە کریستیانەکان داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەکەن و بە پێویستی دەزانن راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرابکرێن.

سۆزان حەنا لەوبارەوە دەڵێت، "تا ئەنجامی راستی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرانەکرێن، من ناتوانم هیچ لایەنێک لەسەر رووداوەکە تۆمەتبار بکەم، بەڵام دەشکرێت دەستێک لە پشت رووداوەکەوە هەبێت، بۆ ئەوەی کریستیانەکان دەشتی نەینەوا بەجێبهێڵن، چونکە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا روویداوە. بۆ نموونە، لە بەرتلە، چەند ساڵێک پێش ئێستا، سەدا 80ـی دانیشتووانی کریستیاننشین بوون، بەڵام ئێستا تەنها سەدا 20ـی دانیشتووانی کریستیانن، ژمارەکە بەرێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە".