زاواکەی حەمدانییە: چیتر ناتوانین لێرە بژین

حەنین ریاز (18 ساڵ) و رێڤان ئیشو (28 ساڵ)، بووک و زاواکەی حەمدانییە
حەنین ریاز (18 ساڵ) و رێڤان ئیشو (28 ساڵ)، بووک و زاواکەی حەمدانییە

K24 - هەولێر:

رێڤان ئیشو ئەو گەنجە 28 ساڵەیە، کە لە درەنگدانی شەوی 26ـی ئەیلوول لە شەوی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەیدا، ئاگر لە هۆڵی ئاهەنگەکەیان کەوتەوە و بووە هۆی لەدەستدانی بەشێک لە خزم ئازیزانی و تێکدانی خەون و خۆشییەکانی.

رێڤان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (سکای نیوز) باسی ساتی رزگاربوونیان دەکات و دەڵێت، لە دەرگای چێشتخانەی هۆڵەکەوە خۆیان رزگار کردووە.

زاواکەی حەمدانییە گوتی: دەستی هاوسەرەکەم گرتوو و رامکێشا، ئەو بەهۆی عەزییەکەیەوە نەیدەتوانی بە خێرایی بڕوات، بەڵام من رامکێشا و هەوڵمدا لە دەرگای چێشتخانەکەوە بیبەمە دەرەوە، لەو کاتەدا کەوت و ئەو خەڵکەی لەوێ بوون رایاندەکرد و بەسەر قاچیدا کەوتن، تا ئێستاش قاچی ئاوساوە.

وەک رێڤان ئاماژەی پێدا، بەهۆی رووداوەکەی قەزای حەمدانییە، هاوسەرەکەی 10 لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەدەستداوە و ئێستا ناتوانێت قسە بکات.

رێڤان باسی لەوە کرد، چیتر ناتوانن لە حەمدانییە بژین، گوتیشی: هەموو ساتێک هەوڵ دەدەین دڵخۆش ببین، بەڵام شتێکی تراژیدی روو دەدات و هەموو خۆشییەکانمان لەناودەبات.

زاواکەی حەمدانییە سەبارەت بە کاریگەری رووداوەکە لەسەر خۆی و هاوسەرەکەی، گوتی: راستە ئێمە لێرە دانیشتووین و دەژین، بەڵام ئێمە لە ناخەوە مردووین و هیچ هەستێکمان نەماوە.

درەنگانی شەوی 26ی ئەیلوول، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانییە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بریندار بوون، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش ئەمڕۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رووداوەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە یارییە ئاگرینەکانی ناو هۆڵەکەوە بووە.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن، دواتر ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە گواسترانەوە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان و لەوێ چارەسەری پێویستییان وەرگرت، بەشێکیشیان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، رەوانەی دەرەوەی عێراق کران.