جێگری کونسوڵی ئەڵمانیا داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات کێشەکان چارەسەر بکەن

K24 – هەولێر

جێگری کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەڵمانیا گرنگی بە هەرێمی کوردستان و عێراقێکی سەقامگیر دەدات و داواش لە هەولێر و بەغدا دەکات، لە بەرژەوەندی هەردوولا کێشە و جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن.

بنیامین حەننا جێگری کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "ئەڵمانیا گرنگی بە هەرێمی کوردستان و عێراقێکی سەقامگیر دەدات، داوا لە هەردوولا دەکەین کێشەکانیان چارەسەر بکەن کە لە بەرژەوەندی هەردوولا دایە، ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت، بۆ ئەوەش گرنگە لەگەڵ بەغدا بگەنە رێگەچارەیەک".

گوتیشی: "پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا پەیوەندییەکی پتەوە و هەردوولا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەنەوە، ئێستا هێزەکانی سوپای ئەڵمانیا لە هەولێرن و پەرلەمانی ئەڵمانیاش کار بۆ درێژکردنەوەی ئەرکەکەیان دەکات بۆ ساڵێکی دیکە".

جێگری کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەڵمانیا پابەندە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان".