ئێران 10 ئامێری شووشتنی گورچیلە پێشکەشی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

ئێران 10 ئامێری شووشتنی گورچیلە پێشکەشی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
ئێران 10 ئامێری شووشتنی گورچیلە پێشکەشی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

K24 - هەولێر

کۆماری ئیسلامی ئێران 10 ئامێری شووشتنی گورچیلەی پێشکەشی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. وەزیری تەندروستیش دەڵێت، "بەپێی پلانی وەزارەتی تەندروستی ئامێرەکان بەسەر نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکەین".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە رێوڕەسمێکدا، لە شاری هەولێر، کۆماری ئیسلامی ئێران 10 ئامێری شووشتنی گورچیلەی پێشکەشی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کرد. لە رێوڕەسمەکەدا نەسروڵڵا رەشنوودی، کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمە جاری یەکەم نییە، کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاری پزیشکی پێشکەشی ئێمە دەکات. لە ماوەی رابروودا پەیوەندییمان لەبواری پزیشکی و تەندروستیدا هەبووە، بەتایبەت لەکاتی هاتنی سەدان هەزار پەنابەر بۆ هەرێمی کوردستان؛ ئەوکات ئێران هاوکاری پزیشکیی پێشکەشی ئێمە کرد و تیمە پزیشکییەکانی رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد".

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە ماوەی ساڵانی 2020-2021، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ کۆماری ئێسلامی ئێران هەبوو، لە رووی پشکنین و چاودێریکردنی رەوشی تەندروستی، بەتایبەت لە دەروازە سنوورییەکان".

سامان بەرزنجی گوتیشی، "ئامێرەکانمان وەرگرتووە و بەپێی پلانی وەزارەتی تەندروستی بەسەر نەخۆشخانە جیاجاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکەین؛ بەتایبەت لەو شوێن و بنکە تەندروستییانە دادەنێین کە ئامێری شووشتنی گورچیلە لە بنەڕەتدا لێیان نەبووە و لە ناوەندیی شارەکان دوورن".

لای خۆیەوە کونسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا باسی لەوە کرد، زۆرینەی ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەچنە ئێران، بۆ شووشتنی گورچیلە روو لەو وڵاتە دەکەن،  بۆیە بڕیاریانداوە بە پێدانی ئەو 10 ئامێرەیە، یارمەتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدەن.

وەکو ئەوەی کونسوڵی ئێران لە هەولێر، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی پێ دا، ئەو 10 ئامێرەی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دابینکراون، بەرهەمی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێرانن.