وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە سووریاوە هاتبوون

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا (وێنە: AA)
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا (وێنە: AA)

K24 - هەولێر

هاکان فیدان رایدەگەیەنێت، ئەنجامدرانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە سووریاوە هاتبوونە تورکیا و لە وڵاتەکەیان مەشقیان پێ کراوە. ئاماژە بەوەش دەدات، لەمەو بەدوا، "هێرشکردنە سەر یەپەگە و پەکەکە لە سووریا و عێراق ڕەوایە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو "دوو تیرۆریستەی" سەرەتای ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە "لە سووریاوە هاتبوون و لە تورکیا مەشقیان پێ کراوە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا "هێرشکردنە سەر یەپەگە و پەکەکە لە سووریا و عێراق" بە "ڕەوا" دەبینێت و دەڵێت: "لەمەودوا گشت دامەزراوەکانی ژێرخان وسەرخان و دامەزراوەکانی وزەی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە لە عێراق و سووریا ئامانجی شەرعی هێزە ئەمنییەکانمانن".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند،  "دوو تیرۆریست" هێرشیان کردە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، لە شاری ئەنقەرە؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوەی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا".

هەر لەبارەی رووداوەکە، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان "دوو تیرۆریستەکە" و هێزە ئەمنییەکان، دوو ئەفسەری پۆلیس بە سووکی برینداربوون.

دوای هێرشەکە پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند. فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی (رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین) ئەنجام دراوە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.