وەزیری ناوخۆی تورکیا: دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە نزیکەی هەزار کەس دەستگیرکراون

K24 - هەولێر:
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 928 کەس دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە دەستگیرکران و نزیکەی 900 پارچە چەکی بێ مۆڵەت دەستیان بەسەردا گیرا.
عەلی یەرلیکایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە، لە 64 پارێزگا و شار و شارۆچکەی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا دژی ئەو کەسانەی چەکی بێمۆڵەت هەڵدەگرن یان بە نایاسایی بازرگانی بەچەکەوە دەکەن، 928 کەس دەستگیرکراون و 842 پارچە چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەرداگیراوە.
رۆژی یەکی ئۆکتۆبەری 2023، لەبەردەم فەرمانگەیەکی سەربە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا تەقینەوەکی خۆکوژی روویدا و بەهۆیەوە دوو پۆلیسی ئەو وڵاتە بریندار بوون.
دوای هێرشەکە پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەمنییەتی ئەنقەرە.
فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرای کردووە، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجام دراوە.
ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیش تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.