فڕۆكه جهنگییهكانی توركیا چهند ناوچهیهكی ههرێمی كوردستان بۆردومان دهكهن
K24 - هەولێر:
پهیامنێری كوردستان24 له دهڤهری راپهڕین رایدهگهیهنێت، فڕۆکە بە ئاسمانی سنووری راپەرین و زنجیرە چیای قەندیلدا دەسووڕێتەوە و زانیاری ههیه بۆردومانی چهند ناوچهكی دیكهشی كردبێت.
به گوێرهی زانیارییهكانی ئاراس ئهمین پهیامنێری كوردستان24 له دهڤهری راپهڕین، فڕۆکەی جهنگی بە ئاسمانی سنووری راپەرین و زنجیرە چیای قەندیلدا دەسوڕێتەوە و زانیاری ھەیە بۆردومانی سنووری گوندی گەڵاڵە و شاخی باسکەقەل و شینکایەتیان لە سنووری شارباژێر کردبێت.
لهلایهكی دیكهوه تهیفوور محهممهد پهیامنێری كوردستان24 له سۆران رایگهیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە ئاسمانی ئیدارەی سهربهخۆی سۆران دەسوڕێنەوە.
ههروهها هاوژین جهمال پهیامنێری كوردستان24 له سلێمانی رایگهیاند، کاتژمێر 7:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان سێ گوندی نزیک لە گوندی گەڵاڵە و ناوچەیەکی سەر بە گوندی باساوێ بۆردومانکرد، کە سەر بە قەزای ماوەتن.
لەمبارهیهوه کامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆردومانەکان زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە، بەڵام بۆردومانەکەی گوندێ باساوێ چەند سەد مەترێک لەماڵەکانەوە دوور بووە.
لهلایهن خۆشییهوه وهزارهتی بهرگری توركیا ئهمشهو رایگهیاند، 22 پێگهی پهكهكهیان بۆردومانكردووه.
شهوی (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردبوو، لە سنووری هەرێمی کوردستان 20 بارەگای پەکەکەیان لە ناوچەکانی مەتینا، خواکورک، قەندیل و گارە بۆردومانکرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، پەکەکە لە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاندووە، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی ئەنقەرە.
فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرای کردووە، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجامدراوە و لە داهاتوودا وردەکاری چالاکییەکە و ناوی فەرمی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە بڵاودەکەنەوە.
پێشتریش عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "بەیانی رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی کاتژمێر 09:30، دوو تیرۆریست کە بە ئۆتۆمبێلێکی بازرگانییەوە هاتوونەتە بەردەم دەروازەی هاتنە ژوورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هێرشێکی ترۆریستییان ئەنجام داوە".
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، "یەکێک لە تیرۆریستەکان خۆی تەقاندووەتەوە و یەکێکی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی رووداوەکەوە، "دوو ئەفسەری پۆلیس بە سووکی بریندرابوون".
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
چەندین ساڵ دەبێت بەسوودوەرگرتن لـە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی كردووەتە شوێنی ململانێكانی خۆی، بەمەش نائارامی و پشێویی دروستكردووە و بە سەدان گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەكو ئێستا 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.
ھەرچی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، 188 گوند بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیاوە چۆڵكراون، كە 104ـیان دەكەونە سنووری قەزای سیدەكان، 65 گوندیان لە قەزای مێرگەسوور و 15 گوندیش لە سنووری چۆمان و 4 گوندیش لە سنووری قەزای رواندز چۆڵكراون.
شەڕی پەکەکە زیانێكی زۆر بەر ناوچە گەشتیارییەكانیش گەیاندووە، لەوانە 25 ھاوینەھەوار لە زاخۆ بوونەتە ناوچەی شەڕ و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، ھەروەھا 10 ناوچەش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پێكدادانەكانەوە.
رۆژی (21ـی ئەیلوولی 2023) ئیحسان چهلهبی، قایمقامی سیدهكان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە 2017ـەوە تاکوو ئێستا بە هۆکارەکانی بۆردومانی تورکیا و ئێران و پێدا تەقینی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکە بەداخەوە 27 هاووڵاتی ناوچەکە شەهید و بریندار بوونە، ئەوەی مەترسییەکانی زیاتر کردووە دانانەوەی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکەیە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە، بەتایبەت لە ناوچە کوێستانی و لەوەڕگاکان".
لەگەڵ ئەوەشدا، رهوشی خراپی دهڤهری برادۆست بههۆی پهكهكه و تێكههڵچوونهكانی لهگهڵ توركیا وێرای زیانی زۆری گیانی و ماڵی و بهزاندنی سنوور بهقوڵایی زیاتر له 30 کیلۆمەتر لهلایهن توركیا، لهكۆی 264 گوندی دهڤهرهكهش تا ئێستا 118ـیان چۆڵن و مهترسی چۆڵبوونیش لهسهر 20 گوندی دیكه ههیه.