هاووڵاتییانی تورکیا لە بەرزیی ڕێژەی هەڵاوسان نیگه‌رانن

تورکیا - ئەنقەرە
تورکیا - ئەنقەرە

K24 – ئەنقەرە:

سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی سوودی بانکی لە تورکیا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکراوەتەوە، بەڵام ئەو ڕێکارەی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە نەیتوانیوە سنوورێک بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان دابنێت.

بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا بە دەستکاری نەکردنی سوودی بانکی و 50% بە جێگیری هێشتییەوە، ئەمە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی هەڵاوسان مانگی ڕابردوو ڕێژەی سیاسەتەکانی بە ڕێژەی 500 خاڵ بەرز کردەوە و سوودی بانکیشی 45% بۆ 50% بەرز کردووە، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لە سەر دابەزاندی ڕێژەی هەڵاوسان نەبوو.

ئەحمەد شالی، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نرخەکان زۆر بەرزبوونەتەوە، توانای کڕینی خەڵک لەنێوان 10 هەزار لیرە و 20 هەزار لیرەیە، سەرگەردان بووین، ئێستا هیچ شتێک لە خوار 20 لیرە و 30 لیرە نییە، دەنگیش بکەین دەنگمان دەبڕن.

هاوکات دەڵێت: ناتوانم پانتۆڵێک بکڕم کە بە هەزار لیرەیە کراسێک بە هەزار لیرەیە، ڕۆژانە نانی وشک دەكڕم بۆ ماڵەوە 50 لیرە دەدەم، ئەوانەی لە سەرەوەن نە دەنگمان دەبیستن و نە دەمانبینن.

محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا ڕایگەیاند، کۆنترۆلی خەرجییەکان لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024ـوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەڵاوسانیش کەم دەبێتەوە.

ڕەمەزان دان یەلدز،  دوکاندار، بە کوردستان24ـی گوت: لە بازاڕدا شتێک نەگۆڕاوە بۆ دابەزاندنی ڕێژەی سوودیش حکوومەت هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بێگومان ڕێژەی سوود چەند بەرز بێت ئەوەندە کاریگەریی لە سەر خەڵک و کاسبکارەکان دادەنێت، ئەوەی من دەیبینم ئێستا هیچ کێشەیەکمان نییە و خەڵک دێنە بازاڕ و هەموو شتێک دەکڕن هەندێک کێشەی خانەنشینەکان هەیە ئەوەش هیوادارم سەرۆکەکەمان چاک بکات.