فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا جارێکی دیکە شاری حەسەکەیان بۆردوومان کرد

بۆ جاری دووەم لە ماوەی 24 کاتژمێردا تورکیا شاری حەسەکەی بۆردوومان کرد
بۆ جاری دووەم لە ماوەی 24 کاتژمێردا تورکیا شاری حەسەکەی بۆردوومان کرد

K24 - هەولێر

جارێکی دیکە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بارەگایەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدەیان لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون.

ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە،  5ـی ئۆکتۆبەری 2023، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بارەگایەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدەیان لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ؛ ئەو بارەگایەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردوومانیان کردووە دەکەوێتە ناوەندیی شاری حەسەکە و بەهۆی بۆردوومانەکەوە، دوو ئەندامی هەسەدە کوژراون.

پارێزگای حەسەکە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و لە ژێر دەسەڵاتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە دایە. لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، ئەمە جاری دووەمە سوپای تورکیا بنکە و بارەگاکانی هەسەدە لە ناوەندیی ئەم شارە بۆردوومان دەکات.

دوێنێ چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە شارۆچکەی سەفای سەر بە حەسەکە، کارگەیەکی دروستکردنی کەرستەی بیناسازی لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیاوە بۆردوومانکرا و لە ئاکامدا ژمارەیەک کرێکار برینداربوون.

میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا باس لەوە دەکەن، سوپای ئەو وڵاتە ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئۆپەڕاسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات، بەڵام تا ئێستا وەزارەتیی بەرگریی ئەو وڵاتە هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.  

لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، سوپای تورکیا 52 جار لەرێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە و بەهۆیەوە زیاتر لە 60 کەس کوژراون، کە بەشێکی زۆریان خەڵکی سڤیل بوون.