هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی درۆنێکی تورکیای لە رۆژئاوای کوردستان خستەخوارەوە

درۆنێکی تورکیا (وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە)
درۆنێکی تورکیا (وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە)

K24 - هەولێر

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی درۆنێکی تورکیای لە نزیک بارەگایەکی خۆی لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان خستەخوارەوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2023، درۆنێکی تورکیا لە بارەگایەکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان نزیکبووەتەوە و لەلایەن هێزەکانیانەوە خراوەتە خوارەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و وەزارەتی بەرگریی تورکیا هیچ لێدوان و راگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەی رووداوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 10 جار بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە دەوروبەری شاری حەسەکە، دێرک، عاموودێ و کۆبانێیان کردووەتە ئامانج و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تا ئێستا بەهۆیەوە 11 کەس کوژراون و ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندارن.

هێرشەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان، دوای هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەی پەکەکە بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ئەنقەرە دێن؛ وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەو هێرشەدا "تیرۆریستێک خۆی تەقاندووەتەوە، تیرۆریستێکی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە و دوو پۆلیسیش برینداربوون".

چەند کاتژمێرێک دواتر، پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند. فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی (رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین) ئەنجام دراوە.

دوێنێ چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو "دوو تیرۆریستەی" سەرەتای ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە "لە سووریاوە هاتبوون و لە تورکیا مەشقیان پێ کراوە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا "هێرشکردنە سەر یەپەگە و پەکەکە لە سووریا و عێراق" بە "ڕەوا" دەبینێت و دەڵێت: "لەمەودوا گشت دامەزراوەکانی ژێرخان وسەرخان و دامەزراوەکانی وزەی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە لە عێراق و سووریا ئامانجی شەرعی هێزە ئەمنییەکانمانن".