کاردیناڵ لویس ساکۆ لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە دژی سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکرد

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریاکی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکی کریستیناکان لە عێراق و جیهان.
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریاکی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکی کریستیناکان لە عێراق و جیهان.

K24 -  هەولێر:

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریاکی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکی کریستیناکان لە عێراق و جیهان لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لە دژی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (5ـی تشرینی یەکەمی 2023)، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریاکی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکی لە عێراق و جیهان بە کوردستان24ی راگەیاند، لویس ساکۆ لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە دژی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەداوە، سکاڵاکە لەبەرامبەر کشانەوەی مەرسوومێکی تایبەتی سەرۆککۆمارییە، کە کاردیناڵ لویس ساکۆ وەک پارتریاکی گشتی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان دەناسێنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسوومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.

هەروەها لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، "کشانەوەی مەرسوومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسوومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسوومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری".

سەرەتای مانگی ئایاری رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.

هاوکات سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداریدایە حکومەتی عێراق، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی کریستانەکان دەکرێت، نەیەتە دەنگ ئەوا پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن.