ترامپ زانیاری نهێنی لەبارەی ژێردەریایی ئەتۆمی بە بازرگانێکی ئوستراڵی داوە

دۆناڵد ترامپ
دۆناڵد ترامپ

K24 - هەولێر

دوو کەناڵی ئەمەریکی بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترامپ پێش ئەوەی کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت، زانیاری نهێنی لەبارەی ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمەریکی بە بازرگانێکی ئوستراڵی داوە، کە ئەمەش دەتوانێت ژێر دەریاییە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا بخاتە مەترسییەوە.

سەرچاوەیەک بە کەناڵەکانی"ئەی بی سی نیوز و نیویۆرک تایمز"ـی راگەیاندووە، ترامپ لە مانگی نیسانی ساڵی 2021دا، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شاری مار ئالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا ئەم زانیارییانەی بە ئەنتۆنی پرات ملیاردێرە ئوستراڵییەکە داوە، کە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی رووپۆشکردنی کارتۆن لە جیهاندا بەڕێوەدەبات، دواتر ئەم زانیاریانەی لەگەڵ لانیکەم 45 کەسی دیکەدا هاوبەش کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو دووکەناڵە، ئەنتۆنی پرات سەبارەت بەم بابەتە لەلایەن لێکۆڵەرە فیدراڵیەکانەوە گوێی لێ گیراوە کە کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکەن، کە ئەمەش یەکێکە لەو دۆسییانەیە کە ترامپ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. هەمان سەرچاوە باسی لەوە کردووە کە ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانی ترامپ لەگەڵ ئەم بازرگانە، دەتوانێت ژێر دەریاییە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا بخاتە مەترسییەوە.

هەندێک سەرچاوە دەڵێن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە ئەنتۆنی پراتی ئوسترالی گوتووە، ژێردەریایی ئەمەریکی بکڕێت، بەم شێوەیە ژمارەی ئەو سەرە ئەتۆمیانەی بۆ ئاشکرا کردووە، کە ئەم ژێردەریاییانە لە کاتی ئاساییدا هەڵیدەگرن و تا چەند دەتوانن لە هاوتا رووسیەکانیان نزیک ببنەوە بەبێ ئەوەی دەستنیشان بکرێت.