بەریتانیا و ئیتاڵیا وتارێکی هاوبەشیان لەبارەی کۆچبەران بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لە وتارێکی هاوبەشدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە رایانگەیاند، بەریتانیا و ئیتاڵیا دەیانەوێت پێشەنگی ئەوروپا بن لە "شەڕی کۆچبەرانی نایاسایی".

لە وتارەکەدا کە لە رۆژنامەی "کۆریێر دێلا سێرا" ئیتاڵی و رۆژنامەی "تایمزی"بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە، "دید و ئامانجەکانمان هاوشێوەن، لە راستیدا ئێمە ئەمڕۆ لە نزیکترین هاوڕێکانی ئەوروپاین"، ئاماژەیان بەوەشکرد، ئێمە رێککەوتنی خۆمان سەبارەت بە ئۆکرانیا و هاوکاری بەرگریدا کرد.

سوناک و مێلۆنی گوتیشییان: "ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ وەستاندنی بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی، داوا لە کەسانی دیکەش دەکەین بە هەمان هەست مامەڵە بکەن".

ئەمڕۆ هەینی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، ئیدی ڕاما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا و ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بەشدارییان لە کۆبوونەوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەران کرد، کە لە شاری گرانادای ئیسپانیا بەڕێوەچوو.