کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت

سەرۆکوەزیران و سەرۆکی 27 ووڵاتی ئەوروپی لە ئیسپانیا، وێنە:AFP
سەرۆکوەزیران و سەرۆکی 27 ووڵاتی ئەوروپی لە ئیسپانیا، وێنە:AFP

K24 – گرانادا:

بەئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی ناوخۆییەکانی ئەوروپا و ئەو قەیرانانەی بەشێکی جیهانی گرتووەتەوە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی 27 ووڵاتی ئەوروپا لەشاری گرانادای ئیسپانیا کۆبوونەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی (6ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بەپێی ناوەڕۆکی راگەیەندراوی یەکێتی ئەوروپا و لێدوانی ژمارەیەک لەسەرکردەکان کە بۆ میدیاکان ئاشکرایان کردووە، ئەو دۆسیانەی لە کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانی ئەوروپا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بریتین لە: قەیرانی کۆچبەران، ئابووری ئەوروپا، شەڕی ئازرباینجان و ئەرمینیا، شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا.

لەسەر دۆسیەی کۆچبەران پاش ئەوەی هەفتەی رابردوودا وەزیرانی ناوخۆ و پەرلەمانی ئەوروپا نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، ئەمڕۆ چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکان رێکەوتنی سەرەتایی ئەنجامبدەن.

لەلایەکی دیکەوە ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لە وتارێکی هاوبەشدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە رایانگەیاند، بەریتانیا و ئیتاڵیا دەیانەوێت پێشەنگی ئەوروپا بن لە "شەڕی کۆچبەرانی نایاسایی".

سوناک و مێلۆنی گوتیشییان: "ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ وەستاندنی بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی، داوا لە کەسانی دیکەش دەکەین بە هەمان هەست مامەڵە بکەن".

هاوکات بۆ بووژاندنەوەی ئابووری ئەوروپاش بڕی 300 ملیار یۆرۆ وەکو قەرز ووڵاتانی ئەندام لەیەکێتی ئەوروپا داوای دەکەن.

بەهۆی شەڕی ئازربایجان و ئەرمینیا، سەرکردەکانی ئەوروپا میوانداری " نیکۆڵ پاشینیان" سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیایان کردووە.

هەروەها ڤلادیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش لە کۆبوونەوەکە بەشدارە و داوای یارمەتی زیاتری سەربازی دەکات لەشەڕی ئۆکرانیا دژ بە رووسیا.

کوردستان24 تاکە میدیای کوردییە لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا ئامادەیە، هەروەها زیاتر لە 800 رۆژنامەنووس لەسەرانسەری جیهانەوە رووماڵی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە شاری گرانادای ئیسپانیا دەکەن.