چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی ئاکپارتی دەستیپێکرد

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک بۆ لایەنگرانی پارتەکەی لە ئەنقەرە (وێنە: AA)
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک بۆ لایەنگرانی پارتەکەی لە ئەنقەرە (وێنە: AA)

K24 - هەولێر

بە بەشداریی هەزاران ئەندام و سەدان میوان، چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی دەستیپێکرد. ئەردۆغان تاکە بەربژێری سەرۆکایەتیی پارتەکەیە و چاوەڕێدەکرێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی سیاسیی ئاکپارتی بگۆڕدرێن. 

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی، کە پارتی فەرمانڕەوای تورکیایە؛ کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی خۆی لە ژێر ناونشیانی "100 ساڵەی تورکیا" لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستێپیکرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا، لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک لەبارەی کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی پارتەکەی، گوتی: "لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانی تورکیا سوورین. گرنگیش نادەین بەوەیانەی دەیانەوێت بمانترسێنن. پاداشتیش نادەین بەوانەی لە ژێرەوە دارمان پێشان دەدەن".

سەرۆکی ئاکپارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "ملکەچی ئەوانە نابین کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ گوشار خستنە سەر ئێمە بەکار دێنن. بۆ بەرقەراری ئاسایشی تورکیا ئەوە پێویست بێت دەیکەین".

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی تورکیا، هەزاران ئەندام لە 81 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا و زیاتر لە 400 میوانی تایبەت بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکەن. لە کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی ئاکپارتی؛ درووشمەکانی، (ئاکپارتی هاوبەشی هزری تورکیا، 100 ساڵەی تورکیا و رووی سپیی کۆمار)  بەرزدەکرێنەوە.

میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەش کردووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و سەرۆکی ئێستای ئاکپارتی، تاکە بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەو پارتە سیاسییە دەبێت و، لەمیانی کۆنگرەکەدا، دوو لەسەر سێی ئەندامانی سەرکردایەتیی ئاکپارتی دەگۆڕدرێن.

ئاکپارتی لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 و بە کۆی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا، سیستەمی فەرمانڕەوایی لەو وڵاتە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی گۆڕی. لە دواینن هەڵبژاردنی پەرلەمای تورکیا کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو؛ ئاکپارتی لە کۆی 600 کورسی پەرلەمان، 268 کورسی بەدەستهێنا. ئەردۆغانیش سەدا 52.18ـی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بۆ جاری سێیەم بە سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێدرایەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێکانی، رۆژی 14ـی ئابی 2001، دوای ئەوەی لە پارتی فەزیلەت کشانەوە، ئاکپارتییان دامەزراند. ئاکپارتی تا ئێستا حەوت کۆنگرەی ئاسایی و سێ کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە و زیاتر لە 11 ملیۆن و 241 هەزار ئەندامی هەیە.

ئاکپارتی لە 3ـی تشرینی دووەمی 2002 بۆ جاری یەکەم وەکو حزبێکی ئیسلامی بەشداری لە ھەڵبژاردنی گشتیی تورکیا کرد و توانی زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگ کە دەکاتە نزیکەی سەدا 35ـی کۆی دەنگەکانی پەرلەمان، بەدەستبهێنێت؛ لە کۆی 550 کورسی ئەو کاتی پەرلەمان، 363 کورسی بەدەستهێنا و بەتەنها کابینەی حکومەتی پێکهێنا.