25 تۆن دۆشاوی تەماتەی هەریر هەناردەی ئەمەریکا کرا

دۆشاوی تەماتەی هەریر
دۆشاوی تەماتەی هەریر

K24 – هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە درێژەی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ساغکردنەوەی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانیان، 25 تۆن دۆشاوی تەماتەی هەریر، هەناردەی ئەمەریکا کرا.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "لە ناوەوە و دەرەوە بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیاران دەدۆزینەوە؛ بۆ یەکەمجار 25 تۆن 'دۆشاوی تەماتەی هەریر' هەناردەی ئەمەریکا کرا".

وەک بەشێک لە پلانە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 200 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە زیادیکردووە و ئەمساڵیش گەیشتووەتە نزیکەی 600 هەزار تۆن کە داهاتەکەشی بە 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە، 30 جۆر پەتاتە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، لەو رێژەیەشدا، 10 جۆریان پیشەسازیین و بۆ بەرهەمهێنانی (فینگەر و چپس) بەکار دەهێندرێن.

دوای ئەوەی لە مانگی ئابی رابردوو، یەکەم کاروانی پەتاتەی هەرێمی کوردستان گەیشتە بازاڕەکانی کەنداو، بووە جێی سەرنجی زنجیرە چێشتخانە جیهانییەکان بەتایبەتی ماکدۆناڵدز، کەی ئێف سی و هاردیز و داوایان کرد هەفتانە 500 بۆ هەزار تۆن پەتاتەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ دابینبکرێت.

هەروەها بە پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین بەرهەمی ئاژەڵی و کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمێنانیان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەوانەش، هێلە، گۆشتی مریشک، پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار، تەماتە، شوتی و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە.

هاوکات یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیهانییەکان، لە ساڵی رابردوو بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و تەحینی کونجیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی رەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراران لێیدا دەژین، خواستی لەسەرە. هەروەها، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و ئاوتەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.