نەتەوە یەکگرتووەکان: لانی کەم 20 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە

K24 - هەولێر

نووسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، رایگەیاند، "لانی کەم 20 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە".

لە راپۆرتەکەی رێکخراوەکەدا هاتووە، "لانی کەم 20 هەزار ئاوارەی ناوخۆ پەنایان بۆ 44 قوتابخانەی (ئۆنروا) کە سەر (بە نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ پەنابەرانی فەلەستین)ـی دەبەن، 28 شوێنی کاتیشیان لە هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە هەیە".

رۆژی شەممە، فەرماندەیی گشتی لیواکانی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، محەمەد ئەلزەیف، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"ـی بۆ کۆتایی هێنان بە ئۆپەراسیۆنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل راگەیاند.

ئەلزەیف لە راگەیەندراوێکدا گوتی: یەکەم هێرش پێگە و فڕۆکەخانە و قەڵا سەربازییەکانی دوژمنی بە پێنج هەزار مووشەک کردوووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد: "کاتی ئەوە هاتووە هەموو هێزە عەرەبی و ئیسلامییەکان یەکبگرن بۆ ئەوەی داگیرکاری لە پیرۆزییەکان و خاکەکەمان دوور بخەینەوە".

رۆژی شەممە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئیسرائیل بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت"، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی لیواکانی قەسام دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کرد بە ناوی "زریانی ئەلئەقسا".

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 7ـی ئۆکتۆبەر، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (زریانی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد.

وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای گرووپە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە 300 کەسی تێپەڕاندووە، ئەوەش سەرباری برینداربوونی نزیکەی هەزار و 600 کەس.