یەکێتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

هەڵبژاردن
هەڵبژاردن

K24 – هەولێر

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بەرپرسانی باڵای یەکێتی لە چەند رۆژی رابردوودا و لە چەند کۆبوونەوەیەکدا باسیان لەوەکردووە، کە خواستیان هەیە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەیەک کە لە سێ مانگ کەمتر نەبێت دوابخرێت.

بۆ ئەمە یەکێتی چاوی لە دانیشتنەکەی دادگای فیدڕاڵییە لەسەر ئەو دوو سکاڵایەی کە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام پارتی پێداگرە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە وادەی خۆیدا کە 25 شوباتی ساڵی داهاتوو دیاریکراوە.

لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدران، تا دواجار هەمووان لەسەر 25 شوباتی 2024 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتن، ئێستا کە بەشێک لە حزبەکان بۆ هەڵبژاردن خەریکی ئامادەکارین، جارێکی دیکە گومان دەخرێتەوە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێداگرە و دەڵێت: نابێت هیچ لایەنێک بە هۆکاری جیاواز هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات.

لەوبارەوە هاوار محەممەد، وتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە نابێت هیچ پرس و ئاریشەیەکی دیکە تێکەڵ بە هەڵبژاردن بکرێت و پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت".

سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردن، هاوار محەممەد گوتی: "یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ خاڵێکی تێدا نییە کە دژی بنەمای یاساکانی عێراق بێت".

پەیوەست بەو پرسە هۆگر چەتۆ، شارەزای بواری هەڵبژاردن دەڵێت: "دادگای فیدراڵی تەنیا کاری ئەوەیە بڵێ ئەو ماددە یاساییە دەستوورییە یان نا، زۆرجار لێکدانەوەی جیاواز دەکرێت، ئیشی دادگا ئەوە نییە هەڵبژاردن دوابخات".

هەر تەنیا پارتی نا، بەڵكو لایەنەکانی دیکەش دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن.

شوان رابەر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێ: "لەبەر ئەوەی لایەنەکانی دیکە هەموویان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بە هیچ شێوەیەک دوانەخرێت، چونکە یەکێکە لە پرەنسیپەکانی دیموکراتی و حوکمی مەدەنی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش خواستی لەسەرە و فشاریش دەکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە زوڵمە جارێکی دیکە هەڵبژاردن دوابخرێت".

سکاڵاکانی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە کاتێکدایە کە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەرکارە و یەک بازنەی هەڵبژاردنە، ئەگەرچی لەسەر ئاستی مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکان چەندین کۆبوونەوە بۆ هەمواری یاساکە کران، بەڵام بە پەکخستنی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە کۆبوونەوەکانیش سەبارەت بەو بابەتە کۆتاییان هات.