تورکیا 'ناوەندێکی ئاسایش' لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج

دیمەنی دوای بۆردوومانکردنی ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا (ئەرشیف)
دیمەنی دوای بۆردوومانکردنی ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا "ناوەندێکی ئاسایش"ـی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات و لە ئەنجامدا "ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی ئاسایش" کوژران و برینداربوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2023، ناوەندیی راگەیاندنی 'هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا' کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستانە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، شەوی رابردوو (یەکشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2023)، "فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا ناوەندێکی هێزەکانمانی لە ناحیەی کۆچەرات بۆردوومانکرد".

ناحیەی کۆچەرات دەکەوێتە سەر بە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کە بە تەواوەتی لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە-دایە. بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، بەهۆی هێرشەکەوە "ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی ئاسایش" کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی نزیک لە هەسەدە؛ بەشێکی زۆری بریندارانی هێرشەکە بۆ نەخۆشخانەی شارەکانی دێرکێ، قامشلۆ و ترپەسپی گوازراونەتەوە و نەخۆشخانەکان لە  بانگەوازێکدا داوا لە خەڵک دەکەن بڕۆن خوێن ببەخشن، چونکە برینداران پێویستییان پێیەتی.

ئەم هێرشەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێکدا بۆردوومانکردنی شەش ناوچەی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاند.

لەو ناوچانەی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە کراونەتەوە ئامانج، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، "کێڵگەی نه‌وتی و حه‌شارگه‌ی چه‌كدارانی تێدا بوونە‌ و، ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ و گرووپی تیرۆریستی خۆیان تێدا حه‌شاردابوو و کراونەتە ئامانج".