فەرەنسا خزمەتگوزاریی ڤیزا لە ژمارەیەک وڵات رادەگرێت

ئاڵای فەرەنسا
ئاڵای فەرەنسا

K24 - هەولێر

بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مالی و بۆرکینافاسۆ و نەیجەر، حکومەتی فەڕەنسا خزمەتگوزاریی ڤیزای لەو وڵاتانە راگرتووە. بەهۆیەوە هەزاران قوتابی کە مامەڵەیان کردبوو بۆ درێژەدان بەخوێندن لەو وڵاتە؛ کارەکانیان راگیراوە.

بەهۆی ناکۆکییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقیا، هەزاران قوتابی ئەو وڵاتانە کە خاوەنی خەونی گەورەبوون و خۆیان بۆ گەشتی ئەکادیمی ژیانیان و خوێندن لە فەڕەنسا ئامادەکردبوو، مامەڵەکانیان هەڵوەشاوەتەوە و ڤیزەیان پێنادرێت.

ئۆیدراوگۆ یەکێکە لەو قوتابیانەی بۆرکینافاسۆ کە خەونی بوو ببێتە پزیشک، بەڵام بووە قوربانی ناکۆکییە سیاسیەکان.

ئۆیدراوگۆ کە قوتابی بەشی پزیشکییە لە زانکۆیەکی بۆرکینافاسۆ، دەڵێت، "من بیر لەوەدەکەمەوە کە کۆرسی پزیشیکی لەرێگەی ئۆنڵاینەوە بخوێنم، چونکە بەداخەوە ناتوانم گەشتی فەڕەنسا بکەم بەهۆی ئەوەی کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان کارەکانیان لە بۆرکینافاسۆ هەڵپەساردووە. هەرلەبەر ئەمە پەیوەندیم کرد بە مامۆستاکانم لەفەڕەنسا و داوامکرد کۆرسەکانم بکەنە ئۆنڵاین".

قوتابییەکان رایدەگەیەنێن، نابێت فەڕەنسا تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنێت، مادەم ئەوان ناکۆکییان لەگەڵ بەرپرسە سیاسییەکان هەیە، نابێت قوتابیان باجەکەی بدەن، بەتایبەتی ئەو قوتابیانەی دەیانەوێت لەفەرەنسا بخوێنن زۆرینەیان خاوەنی ئاستی هۆشیاری بەرزن و دەتوانن لەدوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان خزمەتی گەورە بەخەڵکی خۆیان بکەن.

قوتابیان بە پێویستی دەزانن، "لەبنەڕەتدا هەماهەنگی زانستی هیچ سنوورێکی نەبێت" و، دەڵێن، "بەڕاستی بەزانینی هەواڵی راگرتنی ڤیزا دڵگرانبووین."

فەڕەنسا لەرێگەی کۆمەڵێک پڕۆگرامی تایبەتەوە، ساڵانە هەزارا قوتابی لە مالی و بۆرکینافاسۆ و نەیجەرەوە دەباتە وڵاتەکەی بۆ درێژەدان بەخوێندن، بەڵام بەهۆی ناکۆی سیاسییەوە بەم دواییانە، بەهۆی ناکۆی سیاسییەوە حکومەتی فەڕەنسا کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی خۆی لەو وڵاتانە داخستووە، بەهۆیەوە ئەو پڕۆگرامانە راگیراون.