دوو وڵاتی ئەوروپی هاوکارییەکانیان بۆ فەڵەستین راگرت

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی لە رۆژی شەممەوە، حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل، ئەڵمانیا و نەمسا بڕیارییاندا هاوکارییەکانیان بۆ ناوچە فەڵەستینییەکانیان رابگرن.

گوتەبێژی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بڕیاریدا هەموو هاوکارییەکانی بۆ فەڵەستین رابگرێت، راگرتنی هاوکارییەکانیش دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دێت.

سڤێنجا شوڵز، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا کە سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتی دەسەڵاتدارە، رایگەیاند، حکومەتی ئەڵمانیا هەمیشە حەز دەکات دڵنیابێت لەوەی ئەو پارەیەی بەکاردەهێنرێت، تەنها بۆ مەبەستی ئاشتییە.

ئانالینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداریدا، لەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی مەترسی گەورەی ناوچەیی دەبێتەوە، هەروەها ترسی خۆی دەربڕی لەوەی لایەنی دیکە بەشداری شەڕەکە بکەن.

وەزیری دەرەوەی نەمسا، ئەلێکسەندەر شاڵنبراگ رایگەیاند، وڵاتەکەی هاوکارییەکانی بۆ فەڵەستین رادەگرێت، کە کۆی گشتی هاوکارییەکان 20 ملیۆن دۆلارە و تایبەتە بە ژمارەیەک پڕۆژە.

رۆژی شەممە، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین ئۆپەراسیۆنی "لافاوی ئەقسا"ـی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئەو ناوچەیە کرد و تاوەکو ئێستاش شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوولا بەردەوامە.