تورکیا: به‌هۆی ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکانه‌وه‌ زیاتر لە 150 چەکداری پەکەکە و یەپەگە کوژراون

K24 – هەولێر:

وه‌زیری به‌رگری توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، لە ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا، زیاتر لە 150 چەکداری پەکەکە و یەپەگە کوژراون.

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە رێورەسمی کردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی بەرگری رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆ عێراق و سووریا، زیاتر لە 150 چەکداری پەکەکە و یەپەگە کوژراون.

وەزیری بەرگری توركیا راشیگەیاند، بە کاریگەریی زیاتر و فشارێکی زۆرترەوە لە رووبەڕووبوونەوە بەردەوام دەبن. 

ئامارەکانی وەزیری بەرگری لەکاتێکدایە، سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی  لە 1 و 3 و 4 ـی ئەم مانگە بۆ عێراق و لە 5 و 6 و 8 ـیش  بۆ رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدابوو.

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، 15 ئامانجمان لە باکووری سووریا بۆردومانکرد کە هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە)ی لێیە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند،  "دوو تیرۆریست" هێرشیان کردە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، لە شاری ئەنقەرە؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوەی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا".

دوای هێرشەکە پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند. فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی (رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین) ئەنجام دراوە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.