وەزارەتی خوێندنی باڵا: نابێت ھیچ مامۆستایەک کە خزمایەتی تا پلە چواری لەگەڵ قوتابیدا ھەبێت وانەبڵێتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، نابێت هیچ مامۆستایەک کە پەیوەندی هاوسەرگیری یان خزمایەتی تا پلەی چواری لەگەڵ قوتابییدا هەبێت لە پرۆسەی خوێندنی باڵا "دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا" وانەبڵێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2023)، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکیدا کە گشتاندنی پێکردووە بۆ سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەداوە، "بەمەبەستی رەچاوکردنی بنەماکانی ئاکاری ئەکادیمی، ئیتیکی کارکردن، بەدیھێنانی شەفافیەت و دادپەروەری لە پرۆسەی خوێندنی باڵادا، نابێت هیچ مامۆستایەک، کە پەیوەندی هاوسەرگیری یان خزمایەتی تا پلەی چواری لەگەڵ قوتابی "دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا" هەبێت و وانەبڵێتەوە.

لە نووسراوەکەی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارەکە بۆ ئەمساڵ و ساڵانی دواتریش جێبەجێدەکرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 14 زانکۆی حکومی، خوێندنی باڵای (دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی) بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) راگەیاند و رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، 15 هەزار و 728 پێشکەشکار تاقیکردنەوەی توانستی زانستییان ئەنجامدا.

هەروەها رۆژی (17ـی تەمموزی 2023) ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە چەسپاندنى ئەنجامى بەرایى پڕۆسەى خوێندنى باڵا دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا دواى راگەیاندنى ئەنجامى پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێبەجێ دەکرێت. 

پێشتریش ژاڵه‌ سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، بۆ ئه‌م ساڵ ته‌نیا له‌ زانكۆ حكومییه‌كان ده‌رفه‌تی خوێندنی باڵا هه‌یه‌، گوتیشی، حه‌وت هه‌زار و 614 كورسی بۆ خوێندنی باڵا ته‌رخان كراوه‌.

د