سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا: خەسوو و خەزوورم لە غەززە گیریان خواردووە

حەمزە یوسف، سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا
حەمزە یوسف، سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا

K24 - هەولێر:

حەمزە یوسف، سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا کە بەرەچەڵەک پاکستانیە رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل، دایک و باوکی هاوسەرەکەی لە غەززە گیریان خواردووە.

نادیا ئەلنەکلا، هاوسەری سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا بە رەچەڵەک فەڵەستینییە و دایک و باوکیشی کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سکۆتلەندا نیشتەجێن، بۆ بینینی کەسوکاریان، سەردانی غەززەیان کردووە و بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا، ئێستا لەوێ گیریان خواردووە.

حەمزە یوسف کە لە ئاداری 2023 بووە یەکەم سەرۆکوەزیرانی موسڵمان لە رۆژئاوای ئەوروپا سەبارەت بە خەسوو و خەزووری گوتی: بەرپرسانی ئیسرائیل بە دایک و باوکی هاوسەرەکەیان راگەیاندووە، کە غەززە بەجێبهێڵن بەڵام گەرەنتی رێگەیەکی سەلامەتیان پێ‌نەداون.

سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا سەبارەت بە دۆخی ئێستای خانەوادەکەی دەڵێت: خەومان لێناکەوێت و بەردەوام چاودێری مۆبایلەکانمان دەکەین، نازانین ئەوان دەتوانن لەوێ دەربچن یان نا.

حەمزە یوسف سەرکۆنەی هێرشەکەی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، کەسانی سڤیلی بێتاوان لەهەردوولا باجی شەڕەکە دەدەن.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی ئیسرائیل داوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان دەستپێکرد.

لە بەرانبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین راگەیاند و هاووڵاتییانی کەرتی غەززەی ئاگادار کردەوە لەوەی، ناوچەکە بەجێبهێڵن.

بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی یەکدی، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.