بەهۆی ئاگر کەوتنەوەیەک سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەیەکی بەریتانیا راگیران

K24 - هەولێر

فڕۆکەخانەی لەندەن لوتۆن راگرتنی سەرجەم گەشتەکانی تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە کە بووە هۆی داڕمانی بەشێکی یەک لە گەراجەکانی.

ئیدارەی فڕۆکەخانەی لەندەن لوتۆن کە دەکەوێتە باکووری پایتەختی بەریتانیا رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە یەکێک لە گەراجەکانی فڕۆکەخانە، سەرجەم گەشتەکانمان تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە رادەگرین، گوتیشی: سەلامەتی سەرنشین و کارمەندەکانمان وەک کارێکی سەرەکی دەمێنێتەوە، هەربۆیە بڕیارمان داوە سەرجەم گەشتەکان تا کاتژمێر 12:00 رابگرین.

بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە نزیکەی کاتژمێر 9ـی شەو لە شوێنێکی وەستانی ئۆتۆمبێل لە فڕۆکەخانەکەدا کەوتۆتەوە. ئەو دیمەنانەی کە لەلایەن میدیاکانی بەریتانیاوە پەخشکراون، دەرکەوتووە کە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی ئاگری گرتووە.

بەهۆی ئاگرەکەوە پێنج کەس بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، کە یەکێکیان کارمەندی فڕۆکەخانەکەیە و چواری دیکەش کارمەندانی ئاگر کوژێنەوەن.