میخایل بۆگدانۆڤ بۆ کوردستان24: لەگەڵ عێراق بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە

میخایل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا
میخایل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا

K24 – رووسیا: 

نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، دەڵێت: لەگەڵ عێراق بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە و دەبێت هەماهەنگیشمان هەبێت بۆ قازانجی گەل و رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکانمان.

میخایل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکیدا تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ عێراق پێکەوە بە هاوبەشی دەتوانین لە سایەی تێگەشتن و نزیکیمانەوە گرفتەکان بنیاتنەرانە تێپەڕێنین و چارەسەری بکەین.

هاوکات راشیگەیاند، لەگەڵ عێراق بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە و دەبێت هەماهەنگیشمان هەبێت بۆ قازانجی گەل و رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکانمان.

نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، دەڵێت: دوێنی محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانی فەرمی هاتە مۆسکۆ، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا دیداری هەبوو، هەر ئەمڕۆش لە دیداری هەفتەی وزەی مۆسکۆدا میوانی سەرەکی بوو.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 11ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ گوتارێكدا له‌ میانی به‌شداریكردنی له خولی‌ هه‌فته‌ی وزه‌ی رووسیا (REW) كه‌ له‌ شاری مۆسكۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت رایگه‌یاند، عێراق ئامادەیە بۆ هەناردەكردنه‌وه‌ی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە و "بەم نزیکانە دەگەینە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەینەوە، ئەم کارەش لە چوارچێوەی پابەندی عێراق لەنێو ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسدا دەبێت."

سوودانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هەناردەی نەوت بەهۆی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس وەستابوو، هەروەها بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی لە تورکیا روویدا هێڵەکان کێشه‌یان تێکەتبوو، "بەم دواییانە، هاورێیانمان لە تورکیا ئاگاریان کردووینەتەوە هێڵی بۆڕی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئامادەیە."

میخایل بۆگدانۆڤ، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، خۆشبەختانە ئەزمونێکی زۆر ئەرێنی هەیە لەنێوان ئێمە و عێراق کەڵکی لێوەردەگیرێت بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر لە بواری وزەدا، چونکە کۆمپانیا نەوتییەکانی ئێمە لەسەر بنەمای سوودی هاوبەش نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاریان لە کارەکانیاندا بۆ ئابووری ئەو وڵاتەدا بەگەڕخستووە، پێموایە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەن بە لێکتێگەیشتن بۆ کارکردنی کۆمپانیاکانمان لەوێدا.