دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری ئامازۆن هەزاران کەسی بێکار کردووە

دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری ئامازۆن هەزاران کەسی بێکار کردووە
دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری ئامازۆن هەزاران کەسی بێکار کردووە

K24 - هەولێر

بەهۆی وشکەساڵییەوە لە هەندێک ناوچەی بەرازیل ئاستی ئاوی رووباری ئامازۆن بەشێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە، ئەوەش وایکردووە، کەرتی گەشتیاری لەو ناوچانە بەتەواوی پەکی بکەوێت و هەزاران خاوەن کەپر و بەلەم بێکاربن.

سەردەمانێک ژمارەیەک ناوچەی بەرازیل بەهۆی ئاوی شینی رووباری ئامازۆنەوە، لە قەرەباڵغترین ناوەندە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتە بوون، بەڵام وشکەساڵی جوانییەکەیانی برد، ئەوەی لێی ماونەتەوە کۆمەڵێک کەپری وێران و ئاوێکی لێڵە.

ئاستی ئاوی ئامازۆن بەرادەیەکی مەترسیدار دابەزیوە، کەناراوەکەشی بووەتە بەیەک پارچەی زەوی وشک و رەقهەڵاتوو، کەرتی گەشتیاری بەتەواوی پەکی کەوتووە، خاوەن بەلەم و کەپرەکان بێکاربوون.

دیگۆ ڤانکۆنسیلۆس، خاوەن بەلەمە و بەم شێوەیە باس لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە بەرازیل دەکات: "زۆر بە خراپی تووشی شۆک بووین، هەمووشتێک لەم دەوروبەرە ترسناک بووە، هەست بە بێدەسەڵاتی و لاوازی دەکەین بەرامبەر ئەم وشکەساڵییە، نازانین قۆناغی داهاتوو چیمان بەسەردێنێت، لەژیانی خۆمان دەترسین". 

بەدرێژای کەناری ئامازۆن لەسنووری هەرێمی ماناوسی بەڕازیل، تەنانەت یەک گەشتیاریش بەدی ناکرێت، خاوەن کارەکانی ئەو ناوچەیەش بیر لەوەدەکەنەوە بەهۆی بێکاری و قورسی دۆخی ژیانیانەوە، ناوچەکە بەجێبهێڵن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن وشکەساڵی نەک بەتەنها ئامازۆی لەوشکبوون نزیکردووەتەوە، بەڵکو بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەکەوە، ناوچەکە پڕبووە لەمێش و مەگەز، ئەوەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی زیادکردووە. 

جاو دا رۆچاش لە رێگەی بەلەمەکەیەوە بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین دەکات و دەڵێت: "ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەەی بەردەوامبێت و ئاوی ئامازۆن بەم شێوەیە پاشەکەشە بکات، ماوەیەکی دیکە واز لە کاردێنین، چونکە شوێن بۆ بەلەم نەماوە".

دەشڵێت: "هیواخوازین ئەم وشکەساڵییە کۆتایی بێت و ئاو بۆ ئامازۆن بگەڕێتەوە، چونکە پەیوەندی بەژیانی ئێمەوە هەیە".

داکشان و کەمبوونەوەی ئاوی ئامازۆن، نەک بە تەنها کەرتی گەشتاری بەڵکو گورزی کوشندەی لە کەرتی ئاژەڵداری و کشتوکاڵیش داوە، چونکە خاوەن ئاژەڵ و جووتیارەکان چیتر وەک جاران ئاوی پاک و تەندروسیتیان بۆ تێراوکردنی ئاژەڵ و دەغڵ و دانەکەیان دەستناکەوێت.